نوور عەبدولقادر: لەم سەردەمە خێرایەدا خودی مامۆستا دەبێت فێرخوازێكی بەردەوام بێت
نوور عەبدولقادر هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زیندەزانی و یەكەمین ڕاوێژكاری خوێندنی باوەڕپێكراوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق. ناوبراو خاوەنی ئەزموونێكی دەوڵەمەندە لە بواری ڕاوێژكاریی پەروەردەییدا و وەك پردێكی پەیوەندی لە نێوان (قوتابی، خێزان و قوتابخانە) كار دەكات. كارەكانی بریتیین لە پێدانی تەكنیكە زانستییەكانی خوێندن، كۆنتڕۆڵكردنی تەركیز و بەڕێوەبردنی فشاری تاقیكردنەوەكان و كات بۆ قوتابیان. لە دیمانەیەكی گۆڤاری گوڵان دا ئەزموونی پەروەردەیی خۆی بۆ خوێنەران باس دەكات و وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* خەسڵەتی مامۆستای سەركەوتوو چییە؟
- لە دنیای ئەمڕۆی پەروەردەدا، پێناسەی مامۆستای سەركەوتوو گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە. بە بڕوای من وەك ڕاوێژكاری خوێندن و فێربوون، مامۆستا چیتر تەنیا سەرچاوەی زانیاری نییە، چونكە زانیاری لە ئینتەرنێت بە ئاسانی دەست دەكەوێت، بەڵكو ڕۆڵی مامۆستا بۆتە ڕۆڵی (ئەندازیاری فێربوون). مامۆستای سەركەوتوو ئەو كەسەیە كە درك بە جیاوازییەكانی قوتابیان دەكات و دەزانێت هەریەكەیان بە شێوازێكی تایبەت فێر دەبن و دەخوێنن، بۆیە وانەكانی بە جۆرێك دادەڕێژێت كە گونجاو بێت بۆ هەموو ئەم جیاوازییانە، زانستی نوێ سەلماندوویەتی كە ترس و دڵەڕاوكێ دوژمنی یەكەمی فێربوونن، بۆیە مامۆستای كارا ژینگەیەكی ئارام دەخوڵقێنێت كە تێیدا هەڵەكردن بەشێكە لە پرۆسەی فێربوون نەك مایەی سزادان. هاوكات، هونەری مامۆستا لەوەدا دەردەكەوێت كە بتوانێت وانە وشكەكان بە ژیانی واقعییەوە گرێ بداتەوە و وەڵامی ئەو پرسیارە ئەزەلییەی قوتابی بداتەوە كە دەپرسێت: ئێمە بۆ دەخوێنین؟سەرباری ئەمانەش، لەم سەردەمە خێرایەدا، مامۆستا دەبێت خودی خۆی فێرخوازێكی بەردەوام بێت، چونكە ئەگەر مامۆستا ئاگاداری نوێترین توێژینەوەكان نەبێت و خۆی نوێ نەكاتەوە، ناتوانێت سەركردایەتی نەوەی نەوەی داهاتووو(نەوەی Z و ئەلفا) بكات.
* چۆن مامۆستا وادەكات كە كاریگەرییەكانی ئەو لەگەڵ قوتابییەكانیدا بمێنێتەوە تەنانەت دوای دەرچوونیان لەو قوتابخانە و قۆناغەی كە تێیدا وانەیان پێ دەڵێتەوە؟
- بە بڕوای من، ڕۆڵی مامۆستا تەنیا گواستنەوەی زانیاری نییە لە كتێبەوە بۆ مێشكی قوتابی، بەڵكو پرۆسەی دروستكردنی پەیوەندییەكی ڕۆحی و مرۆییە لەگەڵ قوتابی، نهێنییەكە لەوەدایە كە مامۆستا دەبێت وەك «گەوھەرناس» بێت، زۆرجار قوتابی هەیە بڕوای بەخۆی نییە، یان هەست دەكات هیچ نازانێت، بەڵام مامۆستای زیرەك ئەو خاڵە بەهێزە شاراوەیە دەدۆزێتەوە و وزەی پێ دەبەخشێت، ئەمەش دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی ئەو قوتابییەدا. بۆ ئەوەی مامۆستا ببێتە كارەكتەرێكی لەبیرنەكراو، دەبێت پێش ئەوەی مامۆستا بێت، مرۆڤ بێت لەگەڵ قوتابییەكانیدا، نهێنییەكە لەوەدایە كە مامۆستا دەبێت خۆشەویستی و متمانە ببەخشێت، كاتێك قوتابی هەست دەكات مامۆستاكەی خەمخۆریەتی، گوێی لێ دەگرێت و وەك كەسایەتی ڕێزی لێ دەگرێت نەك تەنیا وەك ژمارەیەك لە ناو پۆلدا مامەڵەی لەگەڵ دەكات، ئیتر ئەو مامۆستایە دەبێتە ئیلهامبەخش. مامۆستای سەركەوتوو ئەوەیە كە قوتابییەكانی فێر دەكات «چۆن بیربكەنەوە» . كاتێك مامۆستا بە سۆزەوە وانە دەڵێیتەوە و دادپەروەر دەبیت و لە كاتی هەڵەكردندا ڕێنماییان دەكات و ڕێگە ڕاستەكەیان نیشان دەدات، نەك سزایان دەدات، لێرەدا مامۆستا تەنیا وانەیەك ناڵێیتەوە، بەڵكو وانەی ژیانیان فێر دەكات.
* هۆكار و چارەسەركردنی گزیكردن لە ناوەندەكانی خوێندن چییە، بە بۆچوونی پەروەردەكاران دیاردەی گزیكردن بە یەكێك لەو گرفتە هەرە قورسانە دادەنرێت كە بەرۆكی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەگرێت، بۆچوونتان لەسەر ئەمە چییە؟
- دیاردەی گزیكردن (قۆپیكردن) بەداخەوە وەك شێرپەنجەیەك بەرۆكی پرۆسەی پەروەردەی گرتووە. بەڕای من هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ خودی سیستەمی هەڵسەنگاندن، كاتێك ئێمە هەموو توانای قوتابی و زیرەكییەكەی لە نمرەیەكدا كورت دەكەینەوە، قوتابی ناچار دەبێت پەنا بۆ هەر ڕێگەیەك بەرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو نمرەیە، تەنانەت ئەگەر بە ڕێگەی نادروستیش بێت. هەروەها لاوازیی متمانە بەخۆبوون و نەبوونی ئامادەكاری تەواو و ترس لە سزای خێزان و قوتابخانە، جگە لەمە نەبوونی پردی پەیوەندی لە نێوان مەنهەج و ژیانی واقعی، واتە قوتابی هەست ناكات ئەوەی دەیخوێنێت لە ژیاندا بەكاری دێنێت، بۆیە تەنیا دەیەوێت بە هەر ڕێگەیەك بێت بڕوانامەكە بەدەست بهێنێت، دەبێت زۆر بە هەستیارییەوە لەم بابەتە بڕوانین، چونكە گزیكردن لە قوتابخانە سەرەتایەكە بۆ دروستبوونی گەندەڵی لە داهاتووی وڵاتدا، قوتابییەك فێر بێت بە فێڵ نمرە بێنێت، بەیانی كە بووە بەرپرس و فەرمانبەر هتد..، بە هەمان عەقڵیەت كار دەكات. بە دڵنیاییەوە چارەسەرەكەش فرە لایەنە:
١. دەبێت شێوازی تاقیكردنەوەكان بگۆڕین لە لەبەركردنی وشكەوە بۆ شیكاركردن و تێگەیشتن، كە تێیدا گزیكردن سوودی نەبێت.
٢. چاندنی بەها ئەخلاقییەكان لە ناخی قوتابیدا و دەبێت قوتابی تێبگات كە فێربوون ئامانجە نەك دەرچوون.
٣. كەمكردنەوەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر نمرە هەیە، تا قوتابی هەست بە ئارامی بكات و بزانێت بەهاكەی بە ڕەوشت و تێگەیشتنیەتی نەك تەنیا نمرەكانی سەر كاغەز.
٤. بەستنەوەی وانەكان بە ژیانی ڕۆژانە و بازاڕی كارەوە، تا قوتابی هەست بە گرنگی فێربوون بكات نەك تەنیا دەرچوون.
* بەداخەوە ساڵانە لە كاتی تاقیكردنەوە و وەرگرتنی ئەنجامەكان، قوتابی هەبوون بە هەردوو ڕەگەزەوە پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە؟ ئەو حالەتە چۆن چارەسەر دەكرێت و لەم نێوەندەدا خێزان یان قوتابخانە یان كۆمەڵگە تاوانبارە؟
- ئەمە برینێكی قوڵە و جێگای داخێكی گەورەیە، كاتێك نمرەیەك دەبێتە هۆی كۆتاییهێنان بە ژیانێك، واتە ئێمە لەبەردەم كارەساتێكی مرۆییداین، ناتوانین تەنیا لایەنێك تاوانبار بكەین، بەڵكو ئەمە بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە لە نێوان خێزان و سیستەمی پەروەردە و كۆمەڵگە. یەكێك لە بكوژە بێدەنگەكان لە ناو خێزاندا بریتییە لە كولتووری بەراوردكردن كاتێك دایك و باوك بە منداڵ دەڵێن سەیری ئامۆزاكەت بكە چەند زیرەكە، ئەمە وادەكات قوتابی هەست بە كەمی بكات و وێنەی خۆی لەبەرچاو ڕەش بێت. لە لایەكی ترەوە، كۆمەڵگە و سیستەمی پەروەردە وایان تێگەیاندووین كە سەركەوتن تەنیا یەك ڕێگایە (بوونی بە پزیشك یان ئەندازیار). ئەم داخستنی دەرگایانە و نەبوونی بەدیل وایكردووە فشارەكە ترسناك بێت. چارەسەر ئەوەیە:
١. خێزانەكان واز لە بەراوردكردن بهێنن و بزانن هەر منداڵێك بەهرەیەكی جیاوازی هەیە و فشار نەخەنە سەر منداڵەكانیان و خۆشەویستیان مەرجدار نەكەن بە نمرەی بەرز، منداڵەكە وا هەست نەكات ئەگەر دەرنەچێت و ئەو نمرە بەرزە نەهێنێت كە خێزانەكەی لێی چاوەڕوان دەكەن، ئیتر هیچ بەهایەكی نییە.
٢. دەبێت حكومەت و پەروەردە گرنگی بە پەیمانگە پیشەییەكان و بەدیلەكانی تر بدەن، دەبێت قوتابی بزانێت ئەگەر لە خوێندنی ئەكادیمی سەركەوتوو نەبوو، دەتوانێت لە بواری بازرگانی یان هونەردا ئەستێرە بێت.
٣. بڵاوكردنەوەی كولتووری قبوڵكردنی شكست، دروستكردنی عەقڵییەتی گەشەسەندوو لە منداڵەكاندا، دەبێت بە قوتابیان بڵێین: تاقیكردنەوە تەنیا پێوەرە بۆ ئاستی زانیاریت لە وانەیەكدا، نەك پێوەرە بۆ بەهای تۆ وەك مرۆڤ. ژیان زۆر لەوە فراوانترە كە لە نمرەیەكدا كورت بكرێتەوە، پێویستە سەنتەرەكانی ڕاوێژكاری دەروونی لە قوتابخانەكان كاراتر بكرێن بۆ پاڵپشتی قوتابیان لەو قۆناغانەدا.
* پسپۆڕانی بواری پەروەردە و فێركردن ڕایانوایە پێویست ناكات دایك و باوك لە ماڵەوە ڕۆڵی مامۆستا ببینن و جەخت لەوە دەكەنەوە ئەو ئەركەی وەك مەشقی ڕۆژانە پێیان دەسپێردرێت كە لە ماڵەوە ئەنجامی بدەن، باشترە لە قوتابخانە و بە یارمەتی مامۆستا تەواوی بكەن، كەچی لە هەرێمی كوردستان قوتابیان ڕۆژانە دوای تەواوبوونی دەوامی قوتابخانە، تەواوی ڕۆژەكە بە ئەركی ماڵەوە سەرقاڵن، خوێندنەوەت لەسەر ئەم بابەتە چییە؟
- سەبارەت بەم بابەتە، بڕوام وایە ناتوانین یەك پێوەر و یەك قەبارە (One size fits all) بەسەر هەموو قوتابیان یان هەموو قۆناغەكانی خوێندندا بسەپێنین. پرۆسەی پەروەردە پرۆسەیەكی گۆڕاوە و پێداویستییەكانی قوتابی لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی تر جیاوازە. بۆ نموونە، لە قۆناغە سەرەتاییەكاندا، زۆر گرنگە فشار نەخرێتە سەر منداڵ. لەم تەمەنەدا مێشكی منداڵ پێویستی بە یاریكردن، خەیاڵكردن و بەسەربردنی كاتە لەگەڵ خێزان بۆ گەشەی كۆمەڵایەتی، ئەگەر لەم قۆناغەدا قوتابی بە ئەركی زۆری ماڵەوە هیلاك بكەین، حەزی خوێندنی دەكوژین و قوتابخانەی لەلا دەبێتە شوێنێكی بێزاركەر. لێرەدا دەبێت ئەركەكان زۆر كەم و چێژبەخش بن. بەڵام لە قۆناغەكانی ناوەندی و ئامادەییدا، هاوكێشەكە دەگۆڕێت. لێرەدا قوتابی پێویستی بەوەیە فێر ببێت چۆن پشت بە خۆی ببەستێت و لە ماڵەوە كات بۆ خوێندنی سەربەخۆ تەرخان بكات، چونكە بابەتەكان چڕتر دەبنەوە و پێویستیان بە پێداچوونەوەی ورد هەیە بۆ ئەوەی لە بیرگەیاندا بچەسپێت. بە بۆچوونی من كێشەكە لە خودی ئەركی ماڵەوە نییە، بەڵكو لە چۆنیەتی و بڕی ئەركەكەیە.
