داتای كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2025

داتای كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2025

 

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی داتای بەشێك لە كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2025 دەخاتەڕوو.

موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی 26/12/2025 لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر بەڕێوەچوو، داتای كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2025 خستەڕوو.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە سەرەتای ئاخافتنەكەیدا سوپاسی پاڵپشتیی بەخشەران و خێرخوازان و میدیاكانی لە كار و چالاكییەكانی دەزگا كرد. دواتر بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە هەموو جیهان كرد.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەتایبەتی سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی كرد، كە ئەو متمانەیەی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەخشیوە، هاوكات سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، كە هەماهەنگ و پشتیوان بوون لەگەڵ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەروەها سوپاسی یەك بە یەكی كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، كە توانیویانە ئەو متمانەیەی دروست بووە لە نێوان هاریكاری بەخشان و دەزگا بیپارێن.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو كە لە كۆتایی ساڵەكەدا، بارودۆخێكی سەخت و دژواریان لە ناو كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران تێپەڕاندووە، بەتایبەتی كە هەتا ئێستاش 27 كەمپی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستاندان، بەڵام هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان زۆر كەمی كردووە. هەر لەو بارەیەوە جەختی لەوە كردەوە كە "حكومەتی عێراق و بەتایبەتی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بە هیچ شێوەیەك خۆیان بە بەرپرسیار نەزانیوە، لە كاتێكدا بەرپرسیاریەتیی گەورە دەكەوێتە سەرشانی ئەوان، بەتایبەتی بۆ هاوكاریی ئاوارەكان، بەڵام لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆیان زۆر كەمتەرخەم بوون".
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو كە دوای گۆڕانكارییەكانی ئیداری لە ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا، زیاتر لە 19 پڕۆژە لە ناو كەمپەكان ڕاگیراون.
وەك سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، باسی كرد، خشتەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2025 بەمجۆرە بوون:
ژمارەی كەسانی سوودمەند لە سێكتەرەكان:
*سێکتەری بەڕێوەبردن و هەماهەنگیی کەمپەکان: 874،747
*سێکتەری ئاسایشی خۆراک: 475،867
*سێکتەری تەندروستی: 314،573
*سێکتەری کەلوپەلی ناخۆراکی: 175،708
*سێکتەری ژیانەوانی: 111،552
*سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆ: 73،152
*سێکتەری یارمەتیی نەختینە: 45،917
*سێکتەری پەروەردە: 41،588
*سێكتەری پاراستن: 27،834
*سێکتەری پەناگە: 228

کۆی گشتیی تێچووی پڕۆژە و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 41،702،286،701 دینار بووە.

بوودجەی پڕۆژەكان: 37،035،293،870 دینار
بوودجەی پڕۆژە بەردەوامەكان: 3،677،791،581 دینار
بوودجەی چالاكییەكان: 989،201،250 دینار

 

ژمارەی خێزان و كەسانی سوودمەند بەپێی شوێنی جوگرافی

هەرێمی كوردستان: 237،927 خێزان 1،637،113 كەس
عێراق: 73،006 خێزان 493،380 كەس
سووریا: 348 خێزان 10،673 كەس

ڕێژەی بەشداری و بەخشینی لایەنەكان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان:
دەزگای خێرخوازیی بارزانی:26.60%
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشانی: 34.48%
بەخشەران و خێرخوازان: 32.02%
هەماهەنگ: 6.90%

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە 10 سێكتەری جیاواز بە بەردەوامی كار و چالاكیی بەرچاوی ئەنجام داون. جگە لەوەش چەندین پڕۆژەی كورت ماوە و مەودا درێژی جێبەجێ كردوون.
لە ساڵی 2025 جگە لە سێكتەرەكان 161 پڕۆژەی ئەنجام دراون.

ژمارەی ئازیزانی سوودمەند لە هاوكاریی دارایی: 3،732 منداڵی ئازیز بووە.
ماڵی ئازیزان و بێهاوژینان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جگە لە دابینكردنی كورسیی خوێندن، بیمەی دەرمانی، هاوكاریی پزیشكی، جلوبەرگ و پێداویستیی قوتابخانە و دڵخۆشكردنی منداڵانی ئازیز (بێباوك) بە گەشتوگوزار و مەلەوانی و ئەسپسواری، 3،732 منداڵی ئازیزی لە ساڵی 2025 لە هاوكاریی دارایی سوودمەند كردووە.

ئا: سالار بابەشێخ

Top