چین: هیچ وڵاتێک دادوەری جیهان نییە
وەزیری دەرەوەی چین، وانگ یی، دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لەلایەن ئەمریکاوە، ڕایگەیاند، پەکین ناتوانێت هیچ وڵاتێک قبوڵ بکات کە خۆی بە "دادوەری جیهان" بزانێت.
ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە 5 / 1/2026، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: کە وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لەلایەن ئەمریکاوە ڕایگەیاند: کە پەکین ناتوانێت هیچ وڵاتێک قبوڵ بکات کە خۆی بە "دادوەری جیهان" بزانێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی چین ئیدانەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڤەنزوێلا دەکات و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە ڕۆڵی پۆلیس یان دادوەری جیهانی بگرێتە ئەستۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی دیکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بپارێزرێت.
مادۆرۆ لە ئێستادا لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە نیویۆرک ڕاگیراوە و بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە دادگا ئامادە بێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، چین ساڵانێکە هەوڵی بەهێزکردنی ڕۆڵی دیپلۆماسی جیهانی خۆی دەدات، سەرکەوتنی لە دانوستانە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و نێوەندگیری نێوان سعودیە و ئێران لە ساڵی 2023، بووەتە هۆی زیادبوونی "متمانە بەخۆبوون"ی ئەو وڵاتە.
هاوکات بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ کە ئێستا ئەمریکا سەرپەرشتی حکومەتی ڤەنزوێلا دەکات، تاقیکردنەوەیەکی بەرچاوە بۆ هاوبەشی ستراتیژی چین و ڤەنزوێلا.
گوڵان: سەردار خەلیل
