ترەمپ بە هێرشێکی دیکە هەڕەشە لە ڤەنزوێلا دەکات

ترەمپ بە هێرشێکی دیکە هەڕەشە لە ڤەنزوێلا دەکات

 

 

هاوکات کە ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلا و سەرۆکی وڵاتەکەی ڕفاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا لە ئەگەری هێرشی دووەم بۆ سەر ڤەنزوێلا و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەندامانی حکومەتی مادۆرۆ هاوکاری نەکەن، ئەگەری هێرشی دووەم بۆ سەر ڤەنزوێلا هەیە.

ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە 5  /  1/2026، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ڕەنگە واشنتۆن هێرشی سەربازیی دووەم بۆ سەر ڤەنزوێلا ئەنجام بدات دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ ئەگەر ئەو ئەندامانەی کە ماونەتەوە لە حکومەتی ڤەنزوێلا هاوکاری نەکەن.

هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە ترەمپ ئەم قسانەی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا کردووە و باسی لە ئەگەری فراوانکردنی دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا لە ئەمریکای لاتین کردوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە کۆلۆمبیا و مەکسیک ڕەنگە ڕووبەڕووی ڕێکاری سەربازیش ببنەوە، ئەگەر ڕێڕەوی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەمریکا کەم نەکەنەوە.

سەرۆکی ئەمریکا هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کوبا کە هاوپەیمانێکی نزیکی ڤەنزوێلایە، "بە تەنیا لە لێواری داڕماندایە" و پێویست بە هەنگاوی سەربازیی ئەمریکا لە دژی ئەو وڵاتە ناکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە مادۆرۆ لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە نیویۆرک ڕاگیراوە و بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە دادگا ئامادە بێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیدارەی ترەمپ هیچ پلانێکی نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خێرا لە ڤەنزوێلا و لەبری ئەوە هەوڵدەدات سەرنجی لەسەر سنووردارکردنی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چاکسازیکردن لە پیشەسازی نەوتی وڵاتەکەدا بێت و لەگەڵ ئەو ئەندامانەی کە ماونەتەوە لە حکومەتەکەی مادۆرۆدا کاردەکەن.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top