دکتۆر عەرەفات کەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی، ڕەخنەی توند لەو ململانێیە دەگرێت کە لەسەر پۆستە باڵاکان لە عێراقدا هەیە.
تێڕوانین بۆ پۆست لە وڵاتدا گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی دەستکەوت و شکۆمەندی، ئەمەش وایکردووە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ژیانی سیاسییەکان و هاووڵاتیاندا دروست ببێت.
دکتۆر عەرەفات کەرەم لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە هۆکاری سەرەکی ئەو کێبڕکێ توند و شەڕەنگێزانەی لەسەر پۆستەکان لە عێراقدا دەکرێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم پۆستانە وەک (غەنیمەت) و دەستکەوتی تایبەت سەیر دەکرێن.
ئەو جەختی کردەوە، پۆست لە عێراقدا بووەتە شوێنی گەیشتن بە بەرژەوەندی و ناوبانگ، نەک ئەرکێکی نیشتمانی و بەرپرسیاریەتییەک بۆ خزمەتکردنی گشتی.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنجامی ئەم جۆرە ململانێیانە وایکردووە کە هاووڵاتیانی ئاسایی لە نێو هەژاری و ژیانێکی سەختدا بمێننەوە، لە کاتێکدا ئەو سیاسییانەی پۆستەکان بەدەست دەهێنن، لە نێو خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شاهانەدا دەژین. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو نادادییەی کە لە دابەشکردنی سامانی وڵات و بەکارهێنانی دەسەڵاتدا هەیە.
سیستەمی سیاسی لە عێراق لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حزبی و مەزهەبی بونیاد نراوە، ئەمەش زۆرجار بووەتە هۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەکان ململانێیەکی توند بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو وەزارەت و پۆستانەی کە داهاتێکی زۆریان تێدایە، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم شێوازە لە حوکمڕانی بووەتە هۆی پەککەوتنی پڕۆسەی چاکسازی و زیادبوونی گەندەڵی، کە دەرەنجامەکەی تەنها هاووڵاتیانی سادە باجەکەی دەدەن.
