نەشتەرگەری جوانكاری لە یاسادا

نەشتەرگەری جوانكاری لە یاسادا

ئایا گەر خانمێك یان گەنجێك، پێش هاوسەرگیری نەشتەرگەریی جوانكاریی كردبێت و شێوەی گۆڕابێت و لە مێردەكەی شاردبێتەوە، بە فریودان و فێڵ دادەندرێت؟. سەرەتا لە ڕووی سزاییەوە دەبێت ئەوە بزانین جوانكاری و بابەتەكانی لەبەرئەوەی نوێیە، دەقێكی تایبەت لە یاسادا نەهاتووە كە تایبەت بێت بە باسكردنی ئەو حاڵەتە و، بە گەڕانەوەش بۆ «ئەحكامە گشتییەكان»ی فێڵكردن، لە یاسای سزاداندا بەپێی ماددە 456 شتێكمان لەسەر ئەو بابەتە چنگ ناكەوێت، چونكە ئەو ماددەیە تایبەتە بە فێڵكردن لە ماڵی گواستراوە (منقول) نەك بۆ ئەم لایەنە، بەڵام لەبەر ئەوەی یەكێك لە بنەماكانی هاوسەرگیری بریتییە لە ڕاستگۆیی لە هەموو ڕوویەكەوە، شاردنەوەی جوانكاری دەچێتە بابی درۆكردن و نەمانی ئەو ڕاستگۆییە دوو لایەن لە خۆ دەگرێت، یەكەم / ئەگەر بۆلابردنی عەیبێك لە ڕووخساردا بوبێت، یان بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەك، ئەوە ڕێی پێ دراوە و پێویستیە و «الظرورات تبیح المحظورات» لەم حاڵەتەدا ئەگەر بە هاوسەرەكەشی نەوتبێت، بە جۆرێك كە گۆڕانكارییەكی جەوهری دروست نەكردبێت، ئەوە كێشەی نییە و ناچێتە ئەو لایەنەوە، بۆ نموونە: بونی “بەشی زیادە لە گۆشت و موو و پەڵە بە دەمووچاو، یان نیشانەیەكی خەلقی و.. هتد. دووەم / ئەگەر ئەنجامدانی جوانكارییەكە بۆ كەمالیات و جوانكاری بووبێت، یان شاردنەوەی عەیبێك بووبێت كە هاوسەرەكەی پێی قبووڵ نەبێت و بوبێتە هۆی گۆڕینی ڕوخسار و، شێوەی ئەو كەسە بە جۆرێك لەگەڵ ڕووخساری پێشتریدا جیاوازییەك هەبێت كە زۆر دیار بێت، ئەوە پێویستە بە هاوسەر، یان ئەو كەسەی دێتە داوای، بڵێت و باسی جۆری جوانكاری بكات و وێنەی پێشتری خۆی نیشان بدات.

 

Top