ئایا قاوە پەستانی خوێن بەرزدەكاتەوە؟
كافائین ورووژێنەرە بۆ كۆئەندامی دەمار، ڕێگە لە دەردانی ئاوێتەی ئەدینۆسین Adenosine دەگرێت كە گەیەنەرێكی دەمارییە و هانی بۆرژان و خاوبوونەوەی دەماری دەدات. بە بلۆككردنی ئەدینۆسین، كافائین ئاستی ئاگایی و توانای فیزیكی و هزری بەرز دەكاتەوە، هەروەها دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەیەكی ماوەكورتی پەستانی خوێن بەم میكانیزمانە: كافائین ورووژێنەرە بۆ كۆئەندامی دەمار و هاندەرە بۆ دەردانی هۆرمۆنی ئەدرینالین، كە دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانەكانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. ژەمێكی 300 ملگم كافائین، بۆ نموونە دوو كووپ قاوەی ئێسپرێسۆ Espresso، یان سێ بۆ چوار كووپ قاوەی دێمكراو، یان دوو قوتوو خواردنەوەی وزەبەخش، كاریگەرییەكی كەم و كاتی دەكاتە سەر پەستانی خوێن، بەڵام ژەمی زیاتر و بەردەوام دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بۆ ئاستێكی بەرزتر و بۆ ماوەیەكی زیاتر. پسپۆڕان جەخت دەكەنەوە كە پێویستە بڕی ڕۆژانەی كافائین بۆ كەسانی پێگەیشتووی تەندروست، هەرگیز لە 300-400 ملگم زیاتر نەبێت.
