زیانە تەندروستییەكانی پیسبوونی هەوا
پیسبوونی هەوا Air pollution بە تەنۆلكەی ورد PM2.5، یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن، دووەم ئۆكسیدی نایترۆجین، دووەم ئۆكسیدی سولفەر، هەروەها گازی ئۆزۆن، بەقەد زیانەكانی جگەرەكێشان، یان زیاتر كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر نزیكەی هەموو ئەندامێكی لەش، بۆنموونە كۆئەندامی هەناسە: كۆكە، ویزەی سینگ، هەناسەتەنگی، هەوكردن، سەختبوونی نیشانەكان لە تووشبووانی ڕەبودا، هەوكردنی بۆڕی هەوا، COPD، هەوكردنی شانەی سییەكان، شێرپەنجەی سییەكان، هەروەها كەمبوونەوەی فرمانی سییەكان. كۆئەندامی دڵ و سووڕان: نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، نۆرەی دڵ، جەڵتەی مێشك. كۆئەندامی دەمار: زیادبوونی ئەگەری نەخۆشیی ئەلزهایمەر لەگەڵ كەمبوونەوەی تواناكانی مێشك و نەخۆشیی پاركینسۆن. كاریگەرییە دەروونییەكان: خڵەفان، خەمۆكی، هەروەها پەستی. دووگیانی: كەمیی كێشی منداڵی تازەبوو، لەبارچوون. گرفتەكانی دیكەی پەیوەست بە پیسبوونی هەوا: سەرئێشە، زیادبوونی ئەگەری نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی جگەر، سووتانەوەی چاو، سووتانەوەی ناوپۆشی لووت، گرفتەكانی سپڵ. بەگشتی منداڵ، بەساڵاچووەكان، ئافرەتی دووگیان، لەگەڵ كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی دڵ یان نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسە، زیاتر ڕووبەڕووی كاریگەرییە نەرێنییەكانی پیسبوونی هەوا دەبنەوە.
