قەزاقستان دەیەوێت قوتابخانە و نەخۆشخانە لە ئەفغانستان دروست بکات
لەکاتێکدا کچان و ژنانی سەرووی پۆلی حەوتەم لە قوتابخانە و زانکۆ بێبەشن و تاڵیبانیش سنووردارکردنی توندی بەسەر کار و پیشەی ژناندا سەپاندووە، لەنێویاندا لە نەخۆشخانەکان، بەرپرسانی قەزاقستان دەڵێن: دەیانەوێت قوتابخانە و نەخۆشخانە لە ئەفغانستان دابمەزرێنن.
ڕۆژی چوارشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2025، کاربەدەستانی قەزاقستان لە بەلخ لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆیی تاڵیبان کۆبوونەوە و داوای دروستكردنی نەخۆشخانەیەکی ٢٠٠ قەرەوێڵەیی و چەند قوتابخانەیەکیان کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری تاڵیبان لە بەلخ بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، یوسف وەفا، پارێزگاری تاڵیبان، لەگەڵ گەزیاز ئەکباسۆڤ، باڵیۆزی قەزاقستان سەبارەت بە هاوکاری بازرگانی تاوتوێ کردووە.
لە بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکەدا هاتووە کە قەزاقستان دەیەوێت نەخۆشخانەیەکی ٢٠٠ قەرەوێڵەیی دروست بکات بۆ بەهێزکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە ئەفغانستان.
باڵیۆزی قەزاقستان هەروەها بەڵێنی دروستکردنی چەند قوتابخانەیەکی داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد، قەزاقستان چەندین ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەو گرووپە واژۆ کردووە.
گوڵان: سەردار خەلیل
