بۆ زانیاریت، بەبەردبووی مرۆڤ

بۆ زانیاریت، بەبەردبووی مرۆڤ

كۆمەڵە ئێسكی جۆرە مرۆڤی Paranthropus boisei، دۆزرایەوە كە تەمەنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 1.5 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر. ئەو ئێسكانە هەندێك تایبەتمەندیی ئەو بەشە مرۆڤە دەردەخەن.

بەشە مرۆڤی australopithecine، كە Paranthropus boisei جۆرێكە لێی، لەسەر هێڵە ڕاستەوخۆكەی ئڤلوشنی ئێمە نەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەندێ تایبەتمەندییان تێدا دەدۆزینەوە كە لە هۆمۆكان زیاتر لە ئێمەیان نزیكتر دەكاتەوە. لە كتێبی(داروین و ڕەچەڵەكی مرۆڤ) باسی هەندێ لەو تایبەتمەندییە هاوبەشانەی كردووە. لە دۆزینەوەیەكی نوێدا لە ناوچەی دەریای توركانە لە كینیا، پارچە ئێسكی كاسەی سەر و ئێسكەكانی دوو دەستی Paranthropus boisei دۆزرایەوە كە بە ئاشكرا لەیەكچووی دەستەكانیان لە دەستەكانی ئێمە پیشان دەدات، وەك لە دەستی هۆمۆكانی ئەو سەردەمە.

دەستەكانیان بە ئەندازەی دەستی ئێمە بووە و هەر وەك دەستەكانی ئێمە تەخت بوون. لەوەش زیاتر، پەنجەكانیان رێك بووە، وەك پەنجەكانی ئێمە. لەلایەكی دیكەشەوە، دەستێكی زۆر تۆكمەیان هەبووە هەر وەك دەستی گۆریلا. لە هەمووشی گرنگتر، ئاستێكی وردی لە پەنجەكاندا بەدی دەكرا كە ئاماژە بوون بەوەی زۆر بە باشی توانای كەرستە دروستكردن و بەكارهێنانیان هەبووە. هەڵبەتە ئەوان یەكەم جۆر نەبوون كە كەرەستەیان بەكارهێنابێت و پێشتر، هۆمۆ هابڵس، بە بەردەوامی كەرستەیان دروست دەكرد و بەكاریان دەهێنا.

 

Top