سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە د. محەممەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە د. محەممەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد، کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی کردبوو.
لە دیدارەکەدا، مەسرور بارزانی سوپاس و پێزانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی د. محەممەد ئەلحەسسان کرد بۆ ئەو ڕۆڵە ئەرێنی و کاریگەرەی لە ماوەی کارکردنیدا گێڕاویەتی. سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارێکی گرنگی پرۆسەی سیاسی بووە و هەوڵەکانی لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.
لە لایەن خۆیەوە، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، خۆشحاڵی خۆی بە کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی و پێزانینی بۆ ئاستی بەرزی هاوئاهەنگی و هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو. ئاماژەی بەوەش کرد کە پاڵپشتییەکانی حکوومەت فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ سەرکەوتنی کار و چالاکییەکانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، مەسروور بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ د. محەممەد ئەلحەسسان خواست لە ئەرکە نوێیەکانیدا و جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە.
