بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بووەوە و ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی 12ـی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بووەوە و ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
ئەمەی خوارەوە، دەقی ڕاگەیاندراوی كۆمیتەی ناوەندیی پارتییە..
بەسەرپەرشتیی جەنابی سەرۆک مهسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان جێگرانى سەرۆک و ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى لقەکان، ئەمرۆ پێنجشەممە 18ـی کانوونى یەکەمى ٢٠٢٥، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.
كۆبوونهوه به ساتێک وهستان بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاكی شههیدانی كوردستان، سهروهریان بارزانیی نهمر و كاک ئیدریسی ههمشه لهیاد دهستی پێكرد، دواتر چەند پرس و تەوەرێکى گرنگ و هەنووکەیى خرانە بەرباس و گفتوگۆ و، بریارى پێویستییان لەبارەوە وەرگیرا.
تەوەری یەكەم/ پڕۆسەى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کە هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنى هەڵبژاردنى ساڵى ڕابردوو دەستى پێکرد، جێگاى داخە تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە پەرلەمانى کوردستان کارابکرێتەوە و سەرۆکى هەرێم هەڵبژێردرێت و کابینەى دەیەم پێک بهێنرێت.
پارتیمان هەر دواى پەسەندکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن لە ڕێگاى شاندێکى تایبەتەوە سەردانى حزب و لایەنەکانى کوردستانى کرد و دەرگاى گفتوگۆى کردەوە بە مەبەستى پێکهێنانى حکوومەتێکى بنکە فراوان، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژارد کە ڕێز لە بژاردەکەیان گیرا، هاوکات گفتوگۆى نێوان پارتیمان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بەردەوامبوو و زۆر هەوڵماندا ڕێککەوتنمان نەگاتە کاتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بەڵام بە داخەوە یەکێتیى نیشتمانى بەهۆى لێکدانەوە و پێشبینى پێشوەختەى هەڵەیان بۆ دەرئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، گفتوگۆکانیان بەبێ پاساو درێژکردەوە تا دواى کۆتاییهاتنى هەڵبژاردنى 11ـی 11ـی 2025ـی ئەنجوومەنى نوێنەران، هەرچەند لەو بارەوە ئاگادارکرابوونەوە کە هەلومەرجى پێش هەڵبژاردن و دواى هەڵبژاردن هەمان زەمینە و هەلومەرج نابن، بەڵام یەکێتیى نیشتمانى بریارى خۆى دابوو.
ئێستاش دەرگاى گفتوگۆمان بۆ ڕێککەوتن بە گوێرەى ئەنجامەکان و ئیستحقاقاتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کراوەیە و دەبێت ڕێز لە دەنگ و متمانەى خەڵکى کوردستان بگیرێت، پارتیمان بەباشى نازانێت گفتوگۆى پرۆسەى پێکهێنانى کابینەکانى حکوومەتى هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسى هەرێم چارەسەر بکەین پاشان هەنگاوى پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندى پارتیمان دەستبەکار بووە.
تەوەری دووەم/ بابەتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى فیدراڵ کە لە 11ـی 11ـی 2025، ئەنجامدرا و پارتیمان سەرکەوتنێکى گەورەى بەدەست هێنا و دەنگ و متمانەى زیاتر لە یەک ملیۆن و سەد هەزار دەنگدەرى کوردستان و عێراقى مسۆگەر کرد و ژمارەیەکى بەرچاوى کورسییەکانى پارێزگاکانى هەرێم و عێراقى بەدەستهێنا، ئەوەش بەرى ڕەنجى خەبات و خوێنى شەهیدان و لێزانی و کارامەیى و ماندوبوونى بەرپرس و کادیر و ئەندامان و جەماوەرى پارتیمان و ڕێبازى پیرۆزى بارزانییە و ئاکامى متمانەى خەڵکى بەوەفاى هەرێمى کوردستان و ناوچەکوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم بۆ سەرۆک و سەرکردایەتى و ئۆرگانەکانى پارتیمانە، بۆیە کۆبوونەوە سوپاسى سەرجەم بەرپرسانى حزبى و حکومى و کادیر و پێشمەرگە و ئەندامان و کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و جەماوەرى دڵسۆز و بەوەفا و لیژنە و میحوەر و تیم و بازنەکانى هەڵبژاردن و ڕێکخراوە جەماوەرى و پیشەییەکان و تەواوى ئۆرگانەکانى کرد بۆ ئەو خۆماندووکردن و خۆبەخاوەنزانینەى کە بۆ سەرخستنى پارتیمان هەیان بوو، هەروەها سوپاسى دامودەزگا ئەمنییەکانى کرد بۆ ڕەخساندنى کەشێکى هێمن و گونجاو بۆ بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە و، پیرۆزباییشى لە کاندیدە سەرکەوتووەکان و هەروەها دەستخۆشى لە تەواوى کاندیدەکانى پارتیمان کرد کە بەوپەڕى دڵسۆزى و لەخۆبووردووییەوە هەوڵى سەرخستنى لیستى (275)ى پارتەکەیان دا، هەروەها کۆبوونەوە وێڕاى هیواى سەرکەوتن داواى لە کاندیدە دەرچووەکان کرد دڵسۆزانە نوێنەرایەتىی ئێشوئازار و داواکاری و خواستەکانى هەموو خەڵکى کوردستان و عێراق بکەن و هەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان و داڕشتنى یاساى گونجاو بۆ خزمەتى گەلانى عێراق و پڕۆسەى حوکمڕانییەکى باش لە وڵات و ببنە چاوى هەموان بەسەر کار و چالاکییەکانى حکوومەتى فیدراڵ و دامەزراوەکانەوە.
تەوەری سێیەم/کۆبوونەوە بەشایستەى خەڵکى کوردستانى دەزانێ یەک دەنگ و یەک ڕیز وەکوو نەتەوەى کورد لە بەغدا گفتوگۆ بکرێت، نەک وەکوو پارتى سیاسى. کورد و کوردستانیان لەگەڵ برایانى شیعە و سوننە شەریکى ڕاستەقینەى حکوومڕانى عێراق بن بە لە بەرچاوگرتنى ماف و ئازادى سەرجەم پێکهاتەکانى دیکە، هەروەکوو پێشتر کە لەسەر سێ بنەما دەوڵەتى نوێى عێراق دامەزرایەوە ئەوانیش (هاوبەشى، هاوسەنگى، سازان) بوون و ئەو سێ چەمکە بوونە ڕوحى دەستوورى هەمیشەیى عێراقى فیدراڵ، ئێستاش پتەوکردنى ئەو سێ بنەمایە بۆ باش بەڕێوەبردن و پڕۆسەى حوکمرانى وڵات پێویستن. ئەو کارانەى کە دەبوو ئەنجام درابان، بەڵام لەبەر هەر پاساو و هۆکارێک بێت ئەنجام نەدراون وەکوو جێبەجێکردنى ماددەى (140)ى دەستوور، دامەزراندنى ئەنجوومەنى فیدراڵى، دادگاى فیدراڵى بە گوێرەى کە لە دەستووردا هاتووە، یاساى نەوت و گاز، ئەنجام بدرێن، هەروەها هەوڵى جدى بدرێت یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە نادادپەروەرى تێدایە بگۆڕدرێت و، چارەسەرى بودجە و مووچەى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى هەمیشەیى بکرێت کە لەگەڵ سیستەمى فیدراڵیدا بگونجێت، هەروەها کۆمەڵێک گرفت و بابەتى دیکە کە ماوەیەکى زۆرە بە چارەسەرنەکراوى و هەڵواسراوى ماونەتەوە چارەسەربکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکى باڵاى پارتیمان دەستنیشان کراوە.
تەوەری چوارەم/ دۆخى سیاسىی ناوچەکە بە گشتى، عێراق و کوردستان بەتایبەتى تاوتوێ کران، لەو کێشە و ئاڵۆزییانەى لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان هەیە، ئەو گۆڕانکارییەى لە تورکیا هاتۆتە ئارا سەبارەت بە چارەسەرى دۆزى کورد و پڕۆسەى ئاشتى جێگاى ئومێد و دڵخۆشییە و، کاریگەرىی ئەرێنى دەبێت لە سەر کۆى بوارەکانى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى ناوچەکە و پەیوەندیى وڵاتان.
هەروەها گۆڕانکارییەکانى وڵاتى سووریا و تێڕوانینى وڵاتان بۆ سەقامگیرى سووریا و چۆنیەتى دابینکردنى ئەو سەقامگیرییە، کە بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان پەیوەستى دەکەن بە ئاستى رێزگرتن لە تایبەتمەندى پێکهاتە جیاوازەکانى ئەو وڵاتە لە نێویشیاندا گەلى کورد. هیوادارین ئەو گۆڕانکارییانە بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکانى ڕابردوو، ببنە هۆکارى دابینکردنى ماف و ئازادییەکانى تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیەکان و، پێکەوەژیانیان بە شێوەیەکى ئاشتیانە و سەردەمیانە.
تەوەری پێنجەم/ لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا مەکتەبى ڕێکخستنى پارێزگاکان شڕۆڤەیەکى ڕوونى کاروچالاکى و گرفتەکانى سنوورەکانى خۆیان کرد و، دواتر هەڤاڵان گفتوگۆى چەند پێشنیازێکیان کرد بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندیى لەگەڵ جەماوەرى شار و لادێکان، هەروەها ئۆرگانەکان ببنە ئەڵقەیەکى خێراترى گەیاندنى داواکارى و ڕا و پێداویستییەکانیان بۆ سەرکردایەتى تا لە ڕێگاى سەرکردایەتیشەوە هەڤاڵانمان کە بەرپرسیارێتییان لە حکوومەتى هەرێم و فیدراڵ دا هەیە ڕۆڵى خۆیان ببینن لە چارەسەرکردنى گرفت و داخوازییەکان و دابینکردنى پێداویستییەکان.
لەکۆتاییدا، کۆبوونەوە چەند بڕیارێکى سەبارەت بەو بابەتانەى پێویستیان بە بڕیار بوو وەرگرت.
كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان
18ـی كانوونی یەكەمی 2025
