بەهۆی هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەیەك بە دەیان کەس کوژران
دوێنێ پێنجشەممە 11ی کانونی یەکەم، میدیا نێودەوڵەتییەکان بڵاویانکردەوە، کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی میانمار لانیکەم 40 کەس کوژراون و 70 کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، هێرشەکە ئێوارەی ڕابردوو لە ویلایەتی ڕاخین لە ڕۆژئاوای میانمار ڕوویداوە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو هێرشە لەلایەن ئەنجومەنی سەربازیی دەسەڵاتدارەوە ئەنجامدراوە.
خین تۆ خا، وتەبێژی گروپێکی یاخیبوو کە شەڕی ئەنجومەنی سەربازی دەسەڵاتدار دەکەن لە ویلایەتی ڕاخین، هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "نەخۆشخانەی گشتی مروکۆڤ بە تەواوی وێران بووە، ژمارەی زۆری قوربانییەکان لەبەر ئەوەیە کە نەخۆشخانەکە ڕاستەوخۆ کراوەتە ئامانج".
بەپێی زانیارییەکان، میانمار لە دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە دژی کودەتاکەی ساڵی ٢٠٢١ کە حکومەتی هەڵبژێردراو بە سەرۆکایەتی ئانگ سان سوچی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، تووشی شەڕی ناوخۆ بووە.
نەخۆشخانەکە کە ٣٠٠ قەرەوێڵەیی تێدایە لە کاتی هێرشەکەدا پڕ بوو لە نەخۆش، چونکە زۆربەی دامەزراوە تەندروستییەکان لە زۆرێک لە ناوچەکانی ویلایەتی ڕاخین بەهۆی شەڕەکانەوە داخراون.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی میانمار هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
