مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکات.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکات.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی (۷۳)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکات.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەڕێزان/ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.

ئەمڕۆ (۷۳) ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان تێدەپەڕێت، ئەو ڕێکخراوەی بە بڕیار و ڕێنمایی (بارزانیی نەمر) لە (١١/ ١٢/ ١٩٥٢) دامەزرا، دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە سڤیل و گرنگە وەچەرخانێکی دیار و کاریگەر بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازییمان و خەباتی بەردەوامی گەلەکەمان بە گشتی و توێژی ئافرەتان بە تایبەتی.

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، وەک بزووتنەوەیەکی دیرۆکی و  بە ئەزموون دەستکەوتێکی دیکەی گەلەکەمانە، کە بە درێژایی تەمەنی کارکردنی ڕۆڵ و سەنگێکی تایبەتی ھەبووە لە قۆناخە جیاجیاکانی تێکۆشانی نیشتمانی و نەتەوەییماندا.

لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕێکخراوە قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی ئافرەتانی لە خۆبردوو و تێکۆشەر و دڵسۆز و سەرکردە بووە، بەمەش خزمەتێکی بێ پایانی خەباتی مەدەنیانە و پەروەردەیی و ڕۆشنبیریی لە کوردستاندا کردووە.

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لەو کاروانەی ھەوڵ و کۆششی بێوچانیدا ھەمیشە ڕێکخراوێکی پێشەنگ و بوێر بووە بۆ خستنەڕووی خواست و ویستی ئافرەتان و دەستەبەرکردنی یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ھۆشیاریی و ھزری نەتەوەیی و نیشتمانیی، لەو ڕێگایەشدا قوربانی زۆری بەخشیوە و ھەمیشە مایەی شانازی و سەرفرازی گەلەکەمان بووە.

یەکێتیی ئافرەتان بە پێی ئەرک و پلان و پرەنسیپ و پەیامی ڕاست و دروستی خۆی و ھاوکات بە ڕەچاوکردنی بارودۆخ و ھەلومەرجەکان، توانیویەتی برەو بەو ڕێکخراوە بدات و بە شانازییەوە دەستکەوتی مەزن لە ھەموو بوارەکاندا بۆ سەرجەم ئافرەتان دەستەبەر بکات، ھەروەھا لە ھەموو کایەکانی ژیان و جومگە گرنگ و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوەندەکانی بڕیارداندا ڕۆڵی شیاوی خۆی ببینێ بۆ داکۆکیکردن لەم ئەزموونە حوکمڕانییە و پرۆسەی بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوەدا. 

ئەمڕۆ ھەلومەرجی ھەرێمی کوردستان و ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە وا دەخوازێ بە ھەموو لایەک و ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەمان لەسەر ئاستی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتییەوە، بەرپرسانە و دڵسۆزانە ھەوڵ بۆ پاراستنی سەقامگیریی و ئارامی و دەسکەوتەکان بدەین.
 
لە یادکردنەوەی ئەم بۆنە گرنگەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرممان لە ئێوەی تێکۆشەر و ئەندامان و تێکڕای ئافرەتانی کوردستان، پاڵپشتی بەردەوامی پارتیمان بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکەینەوە، ئومێدەوارین دڵسۆزانە و بەرپرسانە ھەوڵی پێشخستنی زیاتری ڕێکخراوە سەنگینەکەتان بدەن و کار و چالاکییەکانتان لە ئاست گۆڕانکارییەکان و پێداویستییەکانی قۆناخەکە و خواست و ویستی سەرجەم ئافرەتانی کوردستاندا بن.

ھیوادارین بۆ ھەمیشە لە ئاست ئەو کار و ئەرک و پەیامە پیرۆزەتان بن بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانتان.

بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاک و بێگەردی شەھیدانی ئەو کاروانە شکۆدارەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

۱۰ کانوونی یەکەمـی ۲۰۲٥

 

Top