ئال سعود و کورد: چیرۆکەکان لە ئەنجومەنە سیاسییەکانەوە
(*)
لە سەردەمێکدا کە بەها و هەڵوێستەکان یەکتر دەبڕن، دڵسۆزی و ڕێزگرتن وەک تایبەتمەندییەکی لەبیرنەکراو دەمێنێتەوە. لە نێو ئەو ساتە درەوشاوانەدا، هەڵوێستە بەرزەکانی سەرکردە دیارەکانی سعودیە بەرامبەر بە گەلی کورد بە بیر دێتەوە، کە لە ڕێگەی گۆڤاری کوردستان بەعەرەبی لەگەڵتاندا باس دەکەم.
کارەکانم وەک ڕاوێژکارێک بۆ کۆمەڵێک کەسایەتی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی بازرگانی و یاسادا وای لێکردم بچمە نێو نیوەندە جیهانێکەوە کە هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات کە رۆژێک دەرباز دەبم لە وەرچەرخانێکی دەگمەنی ئەو گەشتە، دەرگای ئەنجوومەنی شازادەکانی ئەلسعود، ئەو بنەماڵەیەی کە وەک میحوەری هاوسەنگی لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەسفیان دەکرد، لەبەردەممدا کرایەوە.
لە وردەکارییەکانی ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزانە وردنابینەوە، چونکە هەموو چیرۆکێک کاتی خۆی هەیە، بەڵام یادگاریەکتان لەگەڵدا بەش دەکەم کە وەک پشکۆیەکی گەرم لە ویژدانم ماوەتەوە: ساتێکی مێژوویی کە منی لەگەڵ یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەو سەردەمەدا کۆکردەوە، شازادە عەبدوڵڵا کوڕی عەبدولڕەحمان ئەلسعود، نیوە برای شای دامەزرێنەر عەبدولعەزیز.
شێخ مەحمودی حەفید
ئێوارەیەکی ئاسایی بوو لە کاتی کارکردنمدا وەک ڕاوێژکاری کوڕەکەی، شازادە خالید بن عەبدوڵڵا، کە منی بانگهێشت کرد بۆ دیوەخانی باوکی. لەگەڵ هێوری دیوەخان، شازادە عەبدوڵڵا پرسیاری لە کوڕەکەی کرد دەربارەی ناسنامەی میوانە نوێیەکەی. کوڕەکەی لە وەڵامدا وتی: ئەو کوردە، (تەمەنتان درێژ بێت ) بە زەردەخەنەیەک بەسەر دەموچاویدا پێشوازی لێکردم، و وتی: پیاوی باشن. پاشان لەسەر کورسییەکەی خۆی ڕاست بووەوە و گوتی: با چیرۆکێکتان بۆ بگێرمەوە دەربارەی کورد. وەک ئەوەی دیمەنێک لە قووڵایی مێژووەوە وەبیر بهێنێتەوە، دەستی کرد بە گێڕانەوەی ڕووداوێک کە زیاتر لە نیو سەدە لەمەوبەر ڕوویدابوو، لەگەڵ ئەوەشدا وردەکارییەکانی وەک ئەوەی دوێنێ ڕوویدابێت لە یادەوەریدا زیندوو مانەوە.
پاشان شازادە چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "لە ساڵی ١٩٢٢ لەگەڵ عەبدولعەزیزی برام لە کوێت بووم، میرەکەی لە خوانێکی ئێوارەدا میوانداری کردین کە کەسایەتییە دیارەکانی کۆکردەوە، لەنێویاندا شێخێکی کورد بە ناوی شێخ مەحمود ئەلحەفید، کە لە ئاوارەیی لە هیندستان دەگەڕایەوە بۆ کوردستان بۆ ئەوەی خۆی بە پاشای وڵاتەکەی بناسێنێت".دوای ڕەتکردنەوەی ئەو نازناوی حوکمدار کە ئینگلیزەکان پێیان بەخشیبوو، لە دانیشتنەکەدا دەستمان کرد بە چرپەکردن لە نێوان خۆماندا سەبارەت بە پلانی کۆنترۆڵکردنەوەی قەڵای ئەلمەسماک (بارەگای دەسەڵاتی ئەلڕەشید لەو کاتەدا کە بە هێمای گەڕاندنەوەی حوکمڕانی دادەنرا، و کۆنترۆڵکردنەوەی بە مانای گەڕانەوەی ئەلسعود بۆ ڕیاز بوو).
لەناکاو عەبدولعەزیز برام دەستی بەتوندی لەسەر مێزەکە دا و وتی: "ئێمە میوانێکی کوردمان هەیە، ناتوانین لە بەردەمیدا باسی ئەم بابەتانە بکەین؛ ئەمە بابەتێکی تایبەتە". بەڵام شێخ مەحمود بە ئارامی ئاسایی خۆیەوە، بە ئارامییەوە ڕووی لەوان کرد و پرسی: چەند پیاو بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن؟ ئیمام عەبدولعەزیز لە وەڵامدا وتی: چل شەڕوان.
شێخ بە سەرسوڕمانەوە سەیری کردن و وتی: ئەم ژمارەیە بەسە بۆ رزگارکردنی قەڵا؟
سەدان پیاوی کورد لە سلێمانی و هەولێر و کەرکوکەوە هاتوونە کوەیت بۆ ئەوەی پێشوازیم لێبکەن و لە گەڕانەوەم بۆ عێراق یاوەریم بن، ئەوان ئێستا چاوەروانی فەرمانی منن، و لە بەردەم مزگەوتی گەورەدان، ئامادەن بەشداری بکەن لە ڕزگارکردنی خاکەکانتان لە دەست دوژمنەکانتان و پشتیوانیتان بکەن لە چەسپاندنی حوکمڕانیتان. ئۆفەرێکی بەخشندە بوو، بەڵام ئیمام عەبدولعەزیز بە هێمنی وتی: ئێمە سوپاسی تۆ دەکەین شێخ بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، بەڵام ئێمە ناتوانین وڵاتەکەمان ئازاد بکەین تەنها بە هاوکاری گەلەکەی خۆی نەبێت، ئێمە بڕیارە ڕزگاری بکەین نەک داگیرکاری و چل پیاوی ئازامان بەسە بۆ ئەوەی سەد کەس بشکێنین..
دوای ئەوەی شازادە عەبدوڵڵا چیرۆکەکەی تەواو کرد، بە نیگایەکی سەرسوورمانەوە ڕووی لە من کرد و پرسی شێخ مەحمودی حەفید چی بەسەر هات؟ لە وەڵامدا گوتم: ساڵی 1956 کۆچی دوایی کردووە و لە مەزاری شێخ کاک ئەحمەد الشێخ لە سلێمانی بە خاک سپێردراوە. هەر کە ناوەکەم هێنا، شازادە بە وردی باسی شێخ و پێگەی کرد کە هەموو ئامادەبووانی سەرسام کرد.
چیرۆکێک لە دیوەخانی میری قەتەر
لە بۆنەیەکدا شازادە (ئێستا پاشا) سەلمان بن عەبدولعەزیز بانگهێشتی کردم کە لەگەڵیدا بم بۆ سەردانێک بۆ لای میری قەتەر. لە کاتێکدا ئەمی دووەمیان لە دانیشتنەکەدا باسی بابەتەکانی ناوچەیی دەکرد، ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی ناسر نەشاشیبی هەستا و لە ساتێکی شۆککەردا وتی "یەکێک لەو مەترسیانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە کوردە، ئەوان ئیسرائیلی دووەمن".
هەر کە نەشاشیبی ڕستەکەی تەواو کرد، هەستم بە نیگای دیدی شازادە سەلمان کرد بەسەرمدا. بە هاوارەوە وتی: دارا هەستە! گوێت لێ بوو چی لەبارەی کوردەوە چی وت؟ ئەوە ئەو هەلە بوو کە چاوەڕێی بووم. دەرفەتەکەم قۆستەوە و گوتم کاکە ئەمە قبوڵ ناکرێت، گروپێک هەن نەک هەر وەک پرەنسیپ، بەڵکو وەک سیاسەت دوژمنایەتی کورد دەکەن، کورد موسڵمانە، ئێمەش پەیوەندی مێژوویی و ئایینیمان لەگەڵ عەرەب هەیە، چۆن بتوانین ببینە ئیسرائیلی دووەم؟ بەو قسەیە شازادە سەلمان زەردەخەنەی کرد و بە نەشاشیبی گوت: "ئەو تۆی بێدەنگ کردووە ناسرالدین".
لە دیوەخانی شازادە سەلمان
شازادە سەلمان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتتردا لە ماڵەکەی خۆیدا، ڕەخنەی لە هەندێک دابو نەرێتی کوردی گرت و بە پێچەوانەی ئایین زانی. بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، "من تاوانباریان ناکەم؛ زانیارییان لەسەر ئایین کەمە، جگە لە کەسایەتییە ئاینییەکانیان". منیش لە وەڵامدا گوتم: ڕاستە زۆربەی کوردەکان بە ڕەوان زمانی عەرەبی نازانن، بەڵام ئێمە خاوەنی زانیارییەکی بەرفراوانی مێژوویین و هەڵوێستی شەرەفمەندانەمان هەیە بەرامبەر بە ئێوە. کە هیچ وەڵامێکی نەدۆزیەوە، بە گاڵتەجاڕیەوە تێبینی کرد: "بەڵام ئێوە سەردانی گۆڕستانەکان دەکەیت."
باڵوێز ئامۆزامە
سەرنجترین هەڵوێست ئەوە بوو کە روویدا ڕوویدا کاتێک سەددام سەدام کویتی داگیر کرد. لە کاتێکدا من لە ماڵی شازادە سەلمان بووم و یاری تاولەمان دەکرد، بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەی هاتە ژوورەوە و وتی: گەورەم هەواڵێک گەیشتووە کە باڵیۆزی تورکیا لە کوێت گەیشتووەتە شاری خەفجی و داوای مافی پەنابەری دەکات. پاشان پارچە کاغەزێکی دا بە شازادە، کە بە دەنگی بەرز خوێندیەوە: "کۆنەر ئۆستیک". هەر کە ناوەکەم بیست، بە سەرسوڕمانەوە هەڵسام. "ئۆووه، کۆنثر ئۆستیک!" شازادە بە سەرسوڕمانەوە سەیری کردم و پرسی: پەیوەندی بە تۆ چییە؟
بە دڵنیاییەوە وەڵامم دایەوە: "گەورەم ئەگەر ناوی بنەماڵەکەی ئۆستیک بێت، ئەوا ئامۆزای منە. تکایە کاغەزەکەم پێ بدە." ناوەکەم خوێندەوە و پشتڕاست بووم ، پاشان گوتم: ئەمە ئامۆزای منە، ناوی ڕاستەقینەی فەتاح ئۆستیکە، تەنانەت ناوی بنەماڵەکەی عەتارە، بەڵام لە تورکیە گۆڕیویەتی.
شازادە سەلمان فەرمانی دا باڵیۆزەکە بهێنرێتە ڕیاز بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئاخاڤتنەکەم. دوای چەند ڕۆژێک بە پێکەنینەوە هاتە لام و پرسی دارا تۆ ئامۆزای باڵیۆزی یان باڵوێز ئامۆزای تۆیە؟ تێگەیشتم کە تاقیکردنەوەم بۆ دەکات، بۆیە وەڵامم دایەوە: "گەورەم، بەو شێوەیەی کە دەتەوێت لێکۆڵینەوە بکە، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە کە ئەو ئامۆزای منە". بەڕاستی فەتاحی مامم لە ڕیزبەندی سێیەم بوو لە نێوان مامەکانمدا.
لە ئیستەنبوڵ سەربازیی خوێندووە، پەیوەندی بە سوپای تورکیاوە کردووە، لەگەڵ ئافرەتێکی کوردی خەڵکی دیاربەکر هاوسەرگیری کردووە، دواتر ناوی بنەماڵەی لە عەتارەوە گۆڕیوە بۆ ئوسنیک، کە بە تورکی بە واتای "دەگمەن" دێت.
ئەمانە تروسکەن لە مرۆڤایەتی بوون، نەک لەبەر ئەوەی پەیوەست بوون بە ناوە گەورەکانەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی جەوهەری پەیوەندییە مرۆییەکانیان بۆ ئاشکرا دەکات کە لە حیساباتی سیاسەت و جوگرافیا تێدەپەڕن. لەو کۆبوونەوانەدا، نەک وەک دەستخۆشییەک، بەڵکو لەبەر ناساندن و ڕێزگرتن، بەشێوەیەکی لەبار باسی کورد دەکرا.
(*)
نووسینی دارا عەتار – گۆڤاری کوردستان بالعرەبی
وەرگیرانی شێرکۆ حەبیب

شێرکۆ حەبیب