مرۆڤ بەدەستی خۆی مێژوو بە باش یا خراپ بۆ خۆی دەنەخشێنێ
دۆستەکانی تاریکی ئەوانەن ناخیان ڕەشە و ڕەش بین و کاتە کانیان بەبێ هۆشی بەڕێ دەکەن. هەمیشە گۆشە گیرو دڵتەنگ و نەخۆشن. ڕوناکی لە مێشک و دڵ و هەستیاندا نەماوە. ئیتر نەخێریان بۆ خۆیان هەیە و نە بۆ میلەت.
کاتی خۆی دزەکان بەرنامەیان لە شەوە تاریکە کاندا دادەڕشت تاکو نەبینرێن و لە پەنای تاریکی شەودا هێرشیان دەکردە سەر ئەو ماڵانەی بە حەڵاڵ سەروەت و سامانێکیان پێکەوە نا بوو. زۆر جاریش دەدۆڕان و کوژراو یا برینداریان بەجێ دەما. ئەگەر گومانیان بۆ ناسراو دۆست و نزیکەکانی خۆیان بچوبا زۆر جاریش لە پەندی پێشیناندا گوتراوە ئەگەر پێمیان زانی یا بمبینن دەڵێم ئەزم . ئەگەر دزیەکە سەرکەوتوو بوو ئەوا دزم.
هەروەها شەمشەمە کوێرەش؟ یەکێکە لە دۆستەکانی تاریکی بە ڕۆژ پشوو وەردەگرێت و شەوانە دەست دەکاتەوە بە فڕین. گیاندارە دڕندەکانی گۆشت خۆریش هەر هەمان شێوە بۆ تێرکردنی خۆیان لە شەواندا دەردەچن بۆ ڕاوکردنی نێچیرەکانیان وەک گورگ و ڕێوی و چەقەڵ و زۆری دیکە.
کەواتە با لەبیری نەکەین ڕوناکی دژو نەیاری زۆرە هەر بۆیە ئەهلی تاریکی دەیانەوێ ژیان و ئاوەدانی و بەختەوەری بدزن و لەژێر پەردەیەکی ڕەشی تاریکیدا بیشارنەوە تا نەبینرێت. تاریکی کپ و بێدەنگیەکە باڵ دەکێشێ مرۆڤەکان پشوو دەدەن تاکو جەستەی ماندویان بحەسێتەوە ڕیستێک وەر بگرن. لەگەڵ گزنگی بەر بەیانا بەهێزو ورە و ئێنێرجیەوە ڕابن بۆ کارو فەرمان. کەچی زۆر کەس پێچەوانەی خەڵکی بە ڕۆژ دەخەون و بەشەو خواستەکانیان ئەنجام دەدەن. لەناو ژیاندا هەمیشە بابەتەکان دوانن وەک ژیان و مردن خۆرو مانگ ڕۆژو شەوو برسی بون و تێربون ئەرێنی و نەرێنی گریان و پێکەنین ئەرزو و باران ڕەشبین و گەشبین دەشتایی و چیاو دۆڵ تا دوایی. هەموو نمونەی دراوێکن کە دوو ڕوی هەیە. ئەگەر تەواو کەری یەکتربن بە شێوەی دروست تاکوو هاوسەنگی ڕابگرن بۆ ئەوەی لایەک نەبێت زەحمەت بەسەر لاکەی دیکەوە. بەڵام هەمیشە بەشێکی مرۆڤەکان ڕویەک دەقۆزنەوە لە پێناو بەرژەوەندی تایبەت تاکو سەرکەون بۆ ئەو مەبەستەی دەیانەوێت. زۆر لە مرۆڤەکان شانسیان لەگەڵ ڕویەکی تایبەتی دڵخوازی خۆیانە. زۆرینە گەشبینن بە ڕوناکی لەژیاندا هەورازو نشێو هەیە هەموو کەس هێزو بیرکردنەوە و کرداری وەک ئەوی دیکە نیە. هەربۆیە مریشک ناتوانێ هێلکەی قاز بکات. کەواتە مرۆڤ بە قەبارەی خۆی ڕفتار بکات زۆر جوانترە لەوەی خۆی ببڕێت. لە ئێستادا مرۆڤەکان دەیانەوێ لاسایی یەکتر بکەنەوە بۆیان ناچێتە سەرو جارێکی دیکە وەک مارو پەیژە سەرەو خوار دەبنەوە. هەرجارێک لەو کەوتنانە بڕوا و متمانەی خەڵک و جەماوەرو خودی کەسەکەش بەخۆی لاوازتر دەبێت شکست دوای شکست.
نمونەی ماڵی خۆ کاولکردن بەرەو جیاوازی و تەفرەقە
ئەوە سەیرە خەڵکێک هەبن لەم جیهان و ژیانەدا ئاگر لە خۆیان و خەرمانیان بەر بدەن وەک ئەوە وایە شۆڤێرێکی ناشی پێچەوانەی هێڵی خۆی و شۆڤێرانی دیکه بڕوا . ئەمە چەند ترسناکە هێندەش عەیبەیە. ئەو چەند دێڕە بۆ کەسانێکە ئەگەر بیانەوێ تێبگەن کاتێک تێنەگەیشتن زۆر کەس لەو ڕێگادا بەو شێوە ڕۆیشت و نەگەڕاوەتەو لەو هەورازە پەکی کەوتوە.
پێگەی هەرێم بە پلانی دۆڕاوەکان لاواز نابێت ئەوان هەمیشە شکست خواردون چۆن دژی هەرێم بجوڵێنەوە پێگەی هەرێم بەهێزتر سەر هەڵدەدات. ئەوانیش لەناو گەلدا بە ڕیسواو بێ متمانە دەناسرێن
لەدوای هەر ڕوداوێک وەک دەبینین بۆ شاردنەوە یا یەکسان کردنی ئەو ڕوداوە بابەتێکی تازەی دروستکراوە ئامادە دەکرێت هەمووی زیان و کێشە بەدۆزی ڕەوای گەلی کورد دەگەیەنێت. شکست خواردوەکانیش ڕۆژ دوای ڕۆژ قەبارەیان بچوکتر دەبێتەوە هەموو بەهۆی ئەو ڕێگا پڕ هەڵدێرو چەواشەکاری و هەڵەیە کە بەردەوامن لەسەری. پێویستە مرۆڤ سەیری پێنج ساڵی ژیانی پێشتری خۆی بکات ئەوکات چۆن بوو لە کوێ بوو ئێستا لەکوێدایە. ئەوکات هەنگاو بۆ داهاتوو بنێت. دروستی کارەکان ئەگەر ئەرێنی بونە پێشکەوتن هەبووە پێویستە زیاتر بکرێت. ئەگەر شکست و کێشە و بچوک بونەوەت زیاترە پێویستە دەست هەڵگری لەو بەرنامانەی دات ڕشتوە. چونکە ڕۆژێک دەستت لەبنی هەمانەکەوە دەر ئەچێت و تەنها دەمێنیتەوە. وەک گوتراوە ئەمیشم چوو ئەویشم چوو بەجارێ ماڵی وێرانم.

سهلام مهحمود