دیندار شەمسەدین بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوە زانستییەكان لە زانكۆی زاخۆ: ئاراستەكردنی توێژینەوە زانستییەكان بۆ بوارە ستراتیژی و نەتەوەییەكان، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ناوبانگ و پێگەی زانكۆ لەسەر نەخشەی زانستی جیهانیدا
لەم پرسەدا سەرەتا دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگە بدەینەوە: چۆن دەتوانین توێژینەوە زانستییەكانی زانكۆكان ئاراستە بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشە ستراتیژی و نەتەوەییەكانی كوردستان؟ سەرەتا سەبارەت بە زانكۆی زاخۆ، توێژینەوەكانمان جۆراوجۆرن و بەردەوام كار لەسەر پەرەپێدانیان دەكرێت، ئێمە سەنتەری توێژینەوە و كۆلێژی جیاوازمان هەیە كە كار لەسەر بوارە جیاجیاكان دەكەن.
لە بواری زانستییەكاندا، وەك بیركاری (ماتماتیك)، كیمیا و فیزیا، توێژینەوەكانمان پێشكەوتوون و لە گۆڤارە جیهانییە پێشكەوتووەكاندا بڵاو كراونەتەوە. سەنتەرە زانستییەكانمان زیاتر لەناو كۆلێژەكاندا چالاكن.
لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەكاندا، سەنتەرێكی تایبەتمان هەیە كە تایبەتە بە كێشە سیاسی و نەتەوەییەكان، هەروەها كەلتوور و فۆلكلۆر. ئەم سەنتەرە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی توێژینەوەوە چارەسەر بۆ ئەم كێشە هەستیارانە بدۆزێتەوە. لە بواری ئەندازیاریشدا، سەنتەری ئەندازیاری هەیە و لە بواری پزیشكیشدا، كۆلێژی پزیشكیمان توێژینەوەی لە «ئیمپەكت فاكتەری» زانستیی زۆر بەرزدا بڵاو كردووەتەوە.
زانكۆی زاخۆ یەكێك بووە لە هۆكارە سەرەكییەكانی پێشكەوتنی ڕیزبەندیی زانكۆكانی كوردستان. لە هەموو بوارەكاندا توێژینەوەی تێدا كراوە: زانستی، كەلتووری، نەتەوەیی، ئەندازیاری و پزیشكی. هەروەها یەكێك لە خاڵە بەهێزەكان ئەوەیە كە قوتابییانی كۆلێژی پزیشكی ساڵانە كاتێك دەردەچن، هەر یەكەیان توێژینەوەیەك بڵاو دەكاتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە كۆلێژەكە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبێت و كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر ڕیزبەندیی زانكۆی زاخۆ دابنێت. بە بەڵگەش چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕیزبەندییەكی نوێ بڵاوكرایەوە كە زانكۆی زاخۆ پلەی یەكەمی لە هەرێمی كوردستان و پلەی دووەمی لەسەر ئاستی عێراقدا بە دەست هێنا.
لەمەوە تێدەگەین كە ئاراستەكردنی توێژینەوە زانستییەكان بۆ بوارە ستراتیژی و نەتەوەییەكان، لەگەڵ پابەندبوون بە ستانداردە جیهانییەكانی بڵاوكردنەوە، نەك تەنیا دەبێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگە، بەڵكو دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ناوبانگ و پێگەی زانكۆ لەسەر نەخشەی زانستی جیهانیدا.
