د.كاوە عەبدولعەزیز مامۆستا لە زانكوی دهۆك: كەسێك تەنیا لە بواری زانستیدا زیرەك بێت و لە بابەتی هوشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا كەم بێت، ناتوانێت بە تەواوی كەسێكی بەرهەمدار بێت
ئاستەنگە سەرەكییەكانی بەردەم پڕۆسەی گەشەپێدان و بنیادنانی ژێرخانی زانستی و تەكنیكی زانكۆكان، بە شێوەیەكی گشتی بریتین لە كەمیی تەرخانكراوی دارایی و هاوكاری. ئەمە ڕێگرێكی گەورەیە لە بەردەم پێشخستنی ژێرخانی دارایی و ئابووریی زانكۆ و پەیمانگەكان، بە تایبەتی لە بواری تەكنیكی و لایەنی پشتگیریی پڕاكتیكیدا.
یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە كە هەندێك لە زانكۆ و پەیمانگەكان زیاتر چاویان لە دەرەوە و وەبەرهێنانە، نەك چاوەڕێی وڵات و ناوەندەكانی خوێندن بن. كار دەكەن بۆ ئەوەی ببنە جۆرێك لە «بزنێس» و داهاتی خۆیان زیاد بكەن. ئەمە دەبێتە هۆی پێشێلكردنی پێوەر و ستانداردەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. لە كاتێكدا كە پێویستە بنپێوەر و ڕێكارە نێودەوڵەتییەكان جێبەجێ بكرێن، بۆ ئەوەی زانكۆكانمان بێنە ناو ڕیزبەندی و پێشبڕكێی ناوەندەكانی خوێندنی جیهانی. پێویستە باڵانسێك لە نێوان سوودی دارایی و داهات وەك بابەتێكی گرنگ، و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و ستانداردە ئەكادیمییەكاندا دروست بكرێت. ئەگەر سەیری هەرێمی كوردستان بكەین، حكومەتی هەرێم و كەرتی تایبەت هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئاستی سیستەمی خوێندنی نێودەوڵەتی و پێویستە هەوڵێكی زیاتر بدەین.
بابەتی نەتەوەیی و پرسیارە نەتەوەییەكان پرسگەلی زۆر گرنگن و نابێت فەرامۆش بكرێن. دەبێت لە هەر ناوەندێكی خوێندندا، هەستی نیشتمانی بۆ قوتابی بگوترێتەوە، بۆ ئەوەی لەو ژینگە دەوروبەرەدا كە دوژمنی تێدایە، خۆیان بگونجێنن و خاوەنی هوشیاری ببن. كەسێك كە تەنیا لە بواری زانستیدا زیرەك بێت، بەڵام لە بابەتی هوشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا كەم بێت، ناتوانێت بە تەواوی كەسێكی بەرهەمدار بێت. هەروەها، زانست تەنیا بریتی نییە لەو لایەنەی لە دەرەوە دێت، یان تەنیا كەسێكی نەتەوەپەرست و كوردپەروەر بێت و شارەزایی زانستی كەم بێت. بەڵكو، پێویستە هەردوو لا تەواوكەری یەكتر بن، دەبێت مرۆڤەكە زانا و شارەزا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەستی نەتەوەیی بەهێز بێت. تەنیا بە كۆكردنەوەی هەردوو لایەن، دەتوانین كەسێكی بنیادنەر (ئاڤاكەر) و بەرهەمدار پێبگەیەنین كە بتوانێت لە داهاتوودا خزمەتی نەتەوە و وڵاتەكەی بكات و نەبێتە سەرچاوەی كێشە. لە زانكۆكانی كوردستان، ئاستی هوشیاریی نەتەوەیی تا ڕاددەیەك باشە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست. پێویستە ئەوەندە گەشە بكات كە لە وڵاتانی دراوسێ و هاوكێشەكانمان لە دەوروبەرمان باشتر بێت. ئێمە لە قۆناغی دەستپێكی ئەم هوشیارییەداین و پێویستمان بە چاودێری، چاوخشاندنەوە و هاندانێكی زیاترە بۆ ئەم مەسەلەیە. بۆ سەركەوتن لەم بوارەدا، دەبێت هەردوو لایەنی حكومەت و كەرتی تایبەت هاوكار بن. هەروەها دەبێت خۆمان بەرەو هوشیاریی تایبەتی خۆمان بڕۆین، بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی و یەك دەنگ، بەرەو قۆناغی پێشكەوتنی جیهانی بڕۆین.
