بەیاننامەیەک لە پەرلەمانتارانی کریستیانەوە

بەیاننامەیەک لە پەرلەمانتارانی کریستیانەوە

 


پاش ئەوەى نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی چەند گۆڕێکی کریستیانەکان لە قەزای کۆیە بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو کارە نابەجێ و تێکدەرانە دەکەین کە لە قەزای کۆیە دژی چەند گۆڕێکی خوشک و برا کریستیانەکان کراوە."

ڕامی نووری سیاوش و د. جەیمس حەسدو هیدۆ، پەرلەمانتارانی مەسیحیی پەرلەمانی کوردستان ڕایانگەیاند: کریستیانەکان لە کلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەنەکان، بەشێکی گرنگن لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەم دەستدرێژییە بە ئاراستەکراو دژی هەموو پێکهاتەکان هەژمار دەکەین بەبێ جیاوازی، بەتایبەتی دژی هەر کەسێک کە باوەڕی بە فرەیی و پێکەوەژیانی هاوبەش هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەیەک کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە پێکەوەژیان و تەبایی هەیە وەک کۆیە و هێما و کەسایەتی و شەهیدەکانیان بەڵگەیەکی زیندوون لەسەر قسەکانمان.

دەشڵێن: دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ بەیاننامەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی، کە لایەنە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە ڕووداوەکە و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا، هەروەها بڕیارەکەی بەڕێزیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی گۆڕستانەکە و نۆژەنکردنەوەی بەرز دەنرخێنین.

Top