پڕۆفیسۆر جۆن داینان پسپۆری زانستی سیاسەت و سەرنووسەری گۆڤاری فیدڕاڵیزم بۆ گوڵان: هەرێمەكان ئەو مافەیان پێدراوە لە دەرەوەی دەسەڵاتە سنووردارەكانی حكومەتی فیدڕاڵی بە یاسا و دەستووری خۆیان كار بكەن
پڕۆفیسۆر جۆن داینان، پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەكان و كاروباری نێودەوڵەتییە لە زانكۆی وەیك فۆرێست، پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە بوارەكانی سیستمی فیدڕاڵی، كاریگەریی دەستووری ویلایەتەكان لەسەر گەشەسەندن و مانەوەی سیستمە فیدڕاڵییەكان، هەروەها خاوەنی چەندین كتێبە لەسەر ئەم پرسانە لەوانە «كتێبێك بۆ دەسەڵاتی ویلایەتەكان – The Book of the States»، هەروەها سەرنووسەری گۆڤاری «Publis» ـە كە گۆڤارێكی تایبەتە بە فیدڕاڵیزم، هەروەها سەرۆكی پێشووی پەیوەندی سیستمی فیدڕاڵی و حكومەتە لۆكاڵەكانی كۆمەڵەی زانستی ئەمریكایە.
بۆ قسەكردن لەسەر لەسەر سیستمی فیدڕاڵی وەك گرنگترین سیستەمی حوكمڕانی بۆ خۆبەڕێوەبردنی پێكهاتە جیاوازەكان و ڕاگرتنی هاوسەنگی و پاراستنی پرۆسەی دیموكراتی، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ ئەنجام دا.
لۆژیكی دەستووریی فیدڕاڵیزم
*لە بنەڕەتدا، سیستمی فیدڕاڵی بۆ دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمەكان داهێنراوە، دیارە تویژینەوەی قووڵت لەسەر ئەم پرسە كردووە. ئایا فەلسەفەی دەستووری چۆن دیزاینی سیستمی فیدڕاڵیزمی كردووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی پراكتیكی كێشەكانی وڵات چارەسەر بكات؟
- كاتێك دەستوور دانەرانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی 1787 یەكەم سیستمی فیدڕاڵیی هاوچەرخیان پەسەند كرد، تا ڕاددەیەكی زۆر ئەم دەستوورە ڕەنگدانەوەی واقیعی فرەیی ولایەتەكان بوو و ڕێگەی چارەی كردەیی بۆ ڕێكخستنی ئەو جیاوازییانە دەستنیشان كردووە، ئامانجیان ئەوە بوو حكومەتێكی فیدڕاڵیی بەهێز و بازاڕێكی هاوبەش بۆ سەرانسەری ویلایەتە یەكگرتووەكان دروست بكات، كە حكومەتی كۆنفیدڕاڵییەكان دروستیان كردبوو كە لە ماددەی «كۆنفیدراسیۆن»ی دەستووری یەكەمی ئەمریكادا لە ساڵی 1777 ئاماژەی پێكراوە و ئەم ماددە دەستوورییە لە دووبارە هەمواركردنەوەی دەستووری ئەمریكا لە 1787 هەمواریان كردووە، هەر بۆیە لە كاتی هەمواركردنەوەی دەستوورەكەدا ددانیان بەوەدا نا كە 13 ویلایەتە ڕەسەنەكە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای لێ پێكهاتووە، دەستبەرداری دەسەڵاتی ویلایەتەكانیان نابن لە پێناوی ئەوەی حكومەتێكی سەنتڕاڵیی بەهێز دابمەزرێت، بۆیە سەرەنجام گەیشتنە ئەو كۆمپرۆمایسەی كە حكومەتێكی فیدڕاڵی دابمەزرێنن و دەسەڵاتەكان لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی ویلایەتەكان دابەش بكات، هەر بۆیە داڕێژەرانی سیستمی فیدڕاڵی كە لە ساڵانی 1787 و 1788، كاتێك لە كاتی گفتوگۆكان بۆ پەسەندكردنی بەرگریان لە سیستمی فیدڕاڵی دەكرد، جەخیان لەسەر ئەوە دەكردەوە «دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی ویلایەتەكان» دەبێتە فاكتەرێك بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی نیشتمانیی بەهێز، هەروەها پاراستنی مافی هاووڵاتیان و، باشترە لەوەی كە پەنا بۆ سیستمێكی سەنتڕاڵیی بەهێز بەرن، یان كۆنفیدڕاڵیەتی ویلایەتەكان بمێنێتەوە، بەڵام لەبەرچاوگرتنی ئەم لایەنە ئەرێنیانەی سیستمی فیدڕاڵیان دامەزراند.
پتەویی دەستوور و دروستكردنی پرد لەنێوان جیاوازییەكاندا
* لە زۆربەی تویژێنەوەكانت لەسەر دەستووری فیدڕاڵی جەخت لەسەر ئەوە دەكەیتەوە كە بە تێپەڕبوونی كات پێكهاتە جیاوازەكان خۆیان لەگەڵ دەستووری فیدڕاڵی دەگونجێنن. ئایا ئەو هۆكارنە چین كە دەبنە پاڵشت بۆ دەستوورێكی فیدڕاڵی كە بەردەوام وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و لە هەمان كاتدا جیاوازییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیش بپارێزێت؟
- دەستووری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە دیكۆمێنتێكی پوخت و ڕاشكاو دادەنرێت كە سنووری دەسەڵاتەكانی بۆ حكومەتی فیدڕاڵی دیاری كردووە و ویلایەتەكان مافی ئەوەیان نییە ئەو دەسەڵاتانە پیادە بكەن، ئەوجا بە پێچەوانەی ئەمەش دەستوور ڕێگە بەوە دەدات كە بەرپرسیاریەتی سیاسەتی سنوورداری حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی ویلایەتەكان، دەسەڵاتەكانیان زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت. زۆر جاران ئەم بەرەو پێشەوەچوونانە لە كاتی پرۆسەی هەمواركردنەوەی دەستوورەكە، هەر بۆ نموونە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ ماددەی 14ی دەستوور دوای هەمواركردنەوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ مافەكانی تاك بەهێزتر كرد، لە حاڵەتی دیكەدا دادگای فیدڕاڵیی ئەمریكا بەرپرسیار بووە لە ڕێكخستنی هاوسەنگیی دەسەڵات لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی ویلایەتەكاندا، ئەم دادگایە وەك دادوەر ئەوە یەكلایی دەكاتەوە كام دەسەڵاتی هی حكومەتی فیدڕاڵییە و كامەش دەسەڵاتی حكومەتی ویلایەتەكانە، هەروەها لە زۆربەی حاڵەتەكاندا لە ناو پرۆسەی سیاسیدا دەسەڵاتەكان لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی ویلایەتەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، ئەمەش لە ئاكامی پشتگیریی جەماوەری بۆ حكومەتی فیدڕاڵی، یان حكومەتی ویلایەتەكان.
بەراوردكاری وەك وانەیەك
سەركەوتن و چەقبەستن لە سیستمە فیدڕاڵییەكاندا
* سیستمە فیدڕاڵییەكانی «سویسرا، كەنەدا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا» سەركەوتوو بوون لەوەی كە هاوسەنگییەك لەنێوان یەكێتیی خاك و پاراستنی جیاوازییەكان دروست بكەن. ئایا ئەو فاكتەرانە چین كە سیستمی فیدڕاڵی لە سیستمی سەنتڕاڵی جیا دەكاتەوە؟
- ماوەیەكی زۆرە كە توێژەرانی دەستووریی گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكەن تا چەند گرنگە دیزاینی دامەزراوەیی ڕەچاو بكرێت و ئەو بەهایانەی كە پێویستن بدرێتە كەلتوورە سیاسییە جیاوازەكان بۆ ئەوەی سیستمی فیدڕاڵی وەك سیستمێكی سەركەوتوو بمێنێتەوە، بێگومان ڕەچاوكردنی هەردوو خاڵەكە «دیزاینی دامەزراوەیی و دانانی شایستەیی بۆ كەلتوورە سیاسییە جیاوازەكان» هەردووكیان هەتا ڕاددەیەكی زۆر گرنگن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەلایەك كاتێك دامەزراوەكانی سیستمی فیدڕاڵی بە جۆرێك دیزاینی دامەزراوەكانی حوكمڕانی دەكات، كە ڕێگە دەدات هاوسەنگیی ڕێژەیی هێز لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمەكان بە جۆرێك هەموار بكرێتەوە كە بتوانێت پێداویستییەكانی هاووڵاتیان چارەسەر بكات، بەبێ ئەوەی پێویستمان بە پێداچوونەوەیەكی سەرتاسەری، یان گۆڕینی دەستوورەكە هەبێت، لە هەمان كاتدا بەردەوامی و سەركەوتنی سیستمی فیدڕاڵی بە پشتبەستن بەو گوتەیەی مۆنتسیكۆ كە دەڵێت « كاتێك هاووڵاتیان هەست بە لكاندنێكی بەهێز لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی دەكەن و ڕێزیان لێدەگرێت و لێبوردەیی لە نێوان جیاوازییەكان و ناوچەكانیان بوونی هەیە، حەتمەن ئەمە فاكتەری سەركەوتنی سیستمە فیدڕاڵییەكەیە».
ڕۆڵی حكومەتی هەرێم و ویلایەتەكان
* ئێوە توێژینەوەی زۆرتان لەسەر دەستووری ویلایەتەكانی ئەمریكا و ڕۆڵی ویلایەتەكان لە سیستمی فیدڕاڵی كردووە. ئایا تاچەند حكومەتە لۆكاڵەكان بەشدار دەبن بۆ بەردەوامیدان بە یەكێتیی فیدڕاڵییەكە؟ هەروەها ئەو مەترسییانە چین كە حكومەتی فیدڕاڵی بە شێوەیەكی ئەنقەست لەسەر ئاستی سیاسی و دارایی بۆ هەرێمەكانی دروست دەكەن؟
- حكومەتە لۆكاڵەكان بە چەندین ڕێگەی جیاواز بەشداریی لە بەردەوامی و كاریگەری سیستمە فیدڕاڵییەكان دەكەن. لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و سیستمە فیدڕاڵییەكانی دیكەشەدا، حكومەتی لۆكاڵی بەرپرسیاریەتی بەرچاویان هەیە بۆ داڕشتنی سیاسەت و كۆكردنەوەی جیاواز بەبێ ئەوەی حكومەتی فیدڕاڵی دەستتێوەردان لە كارەكانیان بكات، زۆر لە حكومەتە لۆكاڵەكان وەك لابۆری تاقیكردنەوە» laboratories of experimentation» خزمەت بە حكومەتی فیدڕاڵی دەكەن، ئەمەش بە ڕێگای داڕشتنی سیاسەتی داهێنەرانە كە لە ناو هەرێمەكە پیادە دەكرێت و پاشان ڕێگەیان پێدراوە هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن، پێش ئەوەی دەسەڵاتی یاسادانانی فیدڕاڵی یاسای بۆ دەركردبێت، لەمەش زیاتر حكومەتە لۆكاڵەكان بەشداری دەكەن لە چاودێریكردنی بڕیارەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و تانەدان لەو بڕیارانەی كە لەسەر ئاستی حكومەتە لۆكاڵەكان بە نالۆژیكانە لە قەڵەم دەدرێن، هەر بۆیە وەك دەبینین بە بەردەوامی داواكاری گشتیی ویلایەتەكان « state attorneys general « ڕۆژانە لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا لە دژی بەرپرس و دەزگا فیدڕاڵییەكان تۆمار دەكەن، هەروەها لەمەش زیاتر زۆر جاران دەسەڵاتی ویلایەتەكان لەو ماددە دەستوورییانە كە بۆ ویلایەتەكان ئارەزوومەندایە، یاسای ویلایەتەكانی خۆیان پەسەند دەكەن و كار بە یاسای فیدڕاڵی ناكەن.
هەروەها جێگەی ئاماژە پێدانە ئەو ڕۆڵەی كە دەستووری هەرێمە فیدڕاڵییەكان لەناو سیستمی فیدڕاڵی دەیگێڕێت، بە تایبەتمەندیی نیوەی سیستمە فیدڕاڵییەكان دادنرێت، دەستووری هەرێمەكان هاوكارە بۆ زیندوویی سیستمە فیدڕاڵییەكان بە شێوەیەكی ڕێژەی لە میانەی پاراستنی مافی تاكەكاندا. لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بەتایبەتی، دادگای باڵای فیدڕاڵی، پشت بە گەرەنتیی دەستووری ویلایەتەكان دەبەستن كە لە كاتی دەركردنی بڕیارەكانیان داوای زیاتر بۆ مافی تاك دەكەن، زیاتر لەوەی لە دەستووری فیدڕاڵیدا بوونی هەیە، لە هەمان كاتدا لەو سیستمە فیدڕاڵییانەی كە پێكهاتەی ئیتنیی جیاوازیان تێدایە لەسەر ئاستی هەرێمەكان بەپێی دەستووری هەرێمەكە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بۆیە لە هەندێك حاڵەتدا دەستووری هەرێمەكان وەك ئامرازێك بۆ دداننان و پابەندبوونە بنەڕەتییەكانی پێكهاتە جیاوازەكانە، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی فرەیی ئیتنی و ئایینی و نەتەوەیی لەناو دەوڵەتدا ڕێك بخرێت.
دادگای فیدڕاڵی و ناكۆكیی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێمەكان
* كاری سەرەكیی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە سیستمە فیدڕاڵییەكان بریتییە لە دادوەری لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمەكاندا، ئایا دەبێت ئەم دادگایە چۆن كاربكات بۆ ئەوەی كاریگەری لە پاراستنی ئەو هاوسەنگییە هەبێت؟ چۆن دەتوانێت متمانەی گشتی بپارێزێت، كاتێك بڕیار لەسەر پرسە هەستیارەكان دەدات؟
- ئالنگاریی سەرەكی لە دیزاین و پاراستنی سیستەمە فیدڕاڵیەكان بریتییە لە دامەزراندنی میكانیزم بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمەكان، سەبارەت بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە نێوانیان و ڕێگرتن لەوەی كە كێشە لە نێوانیاندا دروست نەبێت. لە زۆربەی سیستمە فیدڕاڵییەكان ئەم ئەركە نەك هەر بە شێوەیەكی گشتی لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بەڵكو دادگای باڵای فیدڕاڵی لە چوارچێوەی دەستوور دادەمەزرێن و ئەم دادگایە ئەو كێشانە یەكلایی دەكاتەوە، یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم دادگا دەستوورییە ئەوەیە كە دەبێت دادوەرەكان بە ڕاددەی پێویست بێلایەن و سەربەخۆ بن و پارێزبەندییان هەبێت لە تۆڵەسەندنەوەی بەرپرسەكان، بۆ ئەوەی بتوانن بڕیاری كاریگەر دەربكەن، كە ڕەنگە لە هەندێك حاڵەتدا ئەو بڕیارانە دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ سەر هەرێمەكان سنووردار بكات، ئامانجێكی دیكە لەم دادگایە بریتییە لە بنیادنانی كەلتوورێكی سیاسی كە ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا و پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگا پەرە پێبدات، تەنانەت لەو كاتانەشی كە بڕیارەكە جێگەی خواستی بەشێكی خەڵكیش نەبێت.
