بەخشین لەڕەوشت و ڕەفتاری مرۆڤەکانە

بەخشین لەڕەوشت و ڕەفتاری مرۆڤەکانە

 

(بن كارسون) نوسەر و وەزیری پێشووی نیشتەجێبوون و ئاوەدانی ئەمریكی دەڵێ"بەختەوەری لەوە سەرچاوە ناگرێ كە بەدەستی دەهێنین، بەڵكو لەوەی دەیبەخشین".
بێگومان بەختەوەركردن و دڵخۆشكردنی دڵ و دەروونی ئەوانی تر لەوەوە دێ كە چۆن بتوانین یارمەتیان بدەین و نیەتمان باش بێت لەگەڵیان و لە كاتی پێویست ببەخشین و هاوكارییان بكەین، بە قسەو ئامۆژگاری و گرینگی پێدان و پرسین و پەیوەندی بەردەوام و پاڵپشتی كردن و هاندانیان و ڕێزگرتن و نەرم و نیانی و گوێ گرتن و بەشداری كردن لە خۆشی و ناخۆشییەكانیان، هەروەها یارمەتیدانی ماددی و مەعنەوی لەكاتی پێویست ئەوانە و چەندانی تریش هەمووی بریتیە لە بەخشین ودڵخۆش كردنیان هەر كاتێك دڵی بەرامبەرەكەت خۆش دەكەی،دڵی خۆت خۆش دەبێ و بەختەوەریان بكەی بەختەوەر دەبی، و هەر كاتێ هەستت كرد بە وشەیەك بە قسەیەكی باش بە ئەنجامدانی چاكەیەك و یارمەتیدانی هەركەسێك جگە لەوەی دڵخۆشی بۆ خۆت دەهێنێ و بۆ دڵ باشە و پاڵەپەستۆ و فشاری دەروونی و ڕاڕایی كەم دەكاتەوە و، مرۆڤ هەست دەكات چالاكی هەیە و وزەی ئەرێنی هەست پێ دەكات و دوور دەكەوێتەوە لە تەوەزلی و داڕمان و نیگەرانی.
دەگێڕنەوە جارێك پیاوێكی بەتەمەن و زانا لەگەڵ یەكێك لە قوتابیەكانی پیاسەیەكیان كرد بە نێو كێڵگەیەك لە كاتی ڕۆیشتنیان جوتێك پێلاوی كۆنیان كەوتە بەرچاو دیار بوو كەوا هی یەكێك لە جوتیارەكان بوو كە لەوێ كاری دەكرد دایكەندبوو لەكاتی كار كردن . قوتابیەكە ئاوڕی دایەوە لە پیاوە پیرەكە و گوتی گەورەم چی دەڵێی گاڵتەیەك بكەین تاكێك پێلاوی بشارینەوە و كاتێك جوتیارەكە دەگەرێتەوە و دەبینی تاكێك پێلاو بزر بووە و دیار نییە و با ببینین چۆن هەڵسوكەوت دەكات چی بەسەر دێت و هەندێک پێبکەنین . پیاوە پیرەكە وەڵامی دایەوە گوتی ڕۆڵە نابێ دڵی خۆمان بەخەم ئازاری ئەوانی تر خۆش بكەین و نیگەرانیان بكەین تا بەختەوەر بین. تۆ دەوڵەمەندی دەتوانی دڵخۆشی و بەختەوەری بۆ خۆت بەدەست بهێنی و بۆ جوتیارە هەژارەكەش، كە چەند پارچە پارەیەك بخەینە ناو پێلاوەكانی و خۆشمان بشارینەوە و ببینی چەند كاریگەری هەیە لە سەر ئەو. قوتابیەكە پێشنیارەكەی بەدڵ بوو چەند پارچە پارەیەكی خستە پێلاوەكان و دواتر خۆی و پیاوە پیرەكە خۆیان شاردەوە لە پەنای دارێك تا ببینن كاردنەوەی جوتیارەكە چۆنە. دوای چەند خولەكێك جوتیاری سادە و هەژار بە شەکەتی و ماندووبوونی زۆرەوە گەڕایەوە لای پێلاوەكانی تاوەكو بگەرێتەوە ماڵەوە، كاتێك پێیەكی خستە ناو پێلاوەكە و سەری سوڕما شتێك لە ناو پێلاوی دایە و کە دەریکرد دیتی پارەیە و پێیەکەیتری خستە ناو پێڵاوەکەیتر و بەهەمان شێوە دیتی چەند پارچە پارەیەک لەناو پێڵاوەکەیتریش دایە و سەری سوڕما بە وردی سەیری پارەكانی كرد و لێ ورد بووە زانی كە ئەوە خەون نیە، تەماشای هەر چواردەوری خۆی كرد و كەسی نەدیت و پارەكەی خستە گیرفانیەوە و كەوتە سەر ئەژنۆ و تەماشای ئاسمانی كرد و دەستی كردە گریان و بە دەنگێكی بەرز گوتی خودایە سوپاسگوزارم، خودایە سوپاست دەكەم ئەوە تۆ دەزانی خێزانەكەم نەخۆشە و منداڵەكانم برسیانە پارچە نانێك نییە لە ماڵم. خودایە ڕزگارت كردم منداڵەكانت ڕزگار كرد لە كارەسات. جوتیارەكە بەردەوام بوو لە گریان و هەر سوپاسی ئەو بەخشینەی خوای دەكرد. ئەو دیمەنە زۆر كاریگەری لە قوتابییەكە كرد و چاوەكانی پڕ لە فرمێسك بوون، پیاوە نازدارەكە گوتی ئایا ئێستا زیاتر دڵخۆش نیت لە پێشنیاری پێشووت كە پێلاوەكەت شاردبوایەوە؟ قوتابیەكە وەڵامی دایەوە و گوتی فێری وانەیەك بووم بە ژیانم لە بیری ناكەم. ئێستا تێگەیشتم مانای چەندەها وشە كە پێشتر نەم دەزانی. كە دەبەخشی زیاتر دڵخۆشی لەوەی وەربگری. پیاوە پیرەكە گوتی فێربە بەخشین چەندەها جۆری هەیە، لێخۆشبوون لە كاتی هەبوونی توانا و دەسەڵات بەخشینە ، دوعا كردنی چاكە بۆ براكانت لە دوای خۆیان بەخشینە، چاوپۆشین لە گومانی خراپ بەخشینە و بوختان نەكردن بەخشینە.
بەخشین هەر تەنها پارە و ماددە نییە، بەڵكو لە ڕەوشت و هەڵسوكەوت و ڕەفتاری مرۆڤەكانە، بۆیە هەردەم باش بە و چاكە خواز بە. ئەوەش بزانە كاریگەری بەخشین لە دڵ دەمێنێتەوە بەرهەمدار دەبی لە ژیان و دوایی، بەخشینی ڕاستگۆیانە دڵ و دەروون ڕۆشن دەكاتەوە پێش ئەوەی بگاتە دەستەكان. بەخشین هەمیشە هۆكاری سەرەكی بەختەوەری و هێور بونەوەی دڵ و دەروونە.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top