سوودە تەندروستییەكانی ئەلۆ ڤێرا
ڕووەكی ئەلۆ ڤێرا Aloe vera گەلێك سوودی تەندروستیی هەیە، بەتایبەتی بۆ تەندروستیی پێست و كۆئەندامی هەرس. ئەلۆ ڤێرا گەلێك ڤیتامین و كانزا و ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرێت، سیفەتی دژەهەوكردنی هەیە، هەروەها هانی زوو چاكبوونەوەی برینەكان دەدات. ئەلۆ ڤێرا ڕاستەوخۆ بۆ پێست بەكاردێت بە شێوەی جێل، كرێم، گیراوە، یان سابوون، كە سوودەكانی بریتین لە: هاندانی چاكبوونەوەی برینی پێست، سووككردنی نیشانەكانی زیپكە و نەخۆشیی سەدەف، چارەسەركردنی گرفتەكانی پێست پاش چارەسەر بە تیشك Radiotherapy كە بۆ هەندێك حاڵەتی شێرپەنجە بەكار دێت، نەرمكردنەوە یان لووسكردنی پێست، هەروەها وەكو شێداركەرەوە بۆ چارەسەركردنی وشكبوونی پێست. ئەلۆ ڤێرا بە شێوەی كەپسول یان دەنك بەكار دێت بۆ ئەم حاڵەتانە: كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن، سووككردنی قەبزی، چارەسەركردنی دڵەكزێ، بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، پاككردنەوەی دەم لە بەكتریای زیانبەخش و كەمكردنەوەی هەوكردنی پووك و ددان، هەروەها لەوانەیە بەكارهێنانی ئەلۆ ڤێرا ڕۆڵی هەبێت لە كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەشدا.
