چاڵێنجە ملیۆنییەکە

چاڵێنجە ملیۆنییەکە

 

 

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان بە درووشمی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان چووە نێو بانگەشەوە، بەڵام گرنگتر و کاریگەرتر لە درووشمەکە چاڵێنجەکەی پارتی بوو کە بەو پەڕی متمانەوە داوای ملیۆنێک دەنگ و زیاتری کرد. سەرباری ئاستەنگی نێوخۆیی، هەرێمی و هاوکات دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، کەچی ئەمانە هیچیان کاریگەریان لەسەر ئامانج و ستراتیژیەتی پارتی نەکرد، بەڵکو بەو پەڕی متمانە بەخۆبوونەوە چاڵێنجی ملیۆنیان ڕاگەیاند.

بێگومان ئەو بڕوابەخۆبوونەی پارتی دەرئەنجامی چەند فاکتەرێکە کە مەبەستمە لێرەدا باسیان بکەم:

متمانە: بە گوێرەی ئەوەی پارتی بە درێژایی مێژووی خۆی کۆمەڵێک بەرز و نزمی بینیووە، بەڵام دوای سەختترین قۆناغ و کەوتنەکان، پارتی بەهێز و متمانەیەکی زیاتر گەڕاوەتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی. مێژوو پێمان دەڵێت پارتی ئەو حیزبەیە کە دەتوانێت ئاڵنگارییەکان ببەزێنێت، هەر بۆیە لەسەر ئەم بنەمایەش جەماوەرەکەی متمانەیەکی زۆری بە پارتی هەیە و ئامادەسازیی تەواویان هەیە بۆ پشتگیریکردن و متمانەدان بە حیزبەکەیان بۆ هەرئالانگاری و چاڵنجێک.

مەبدەئی: ئەوانەی لەگەڵ پارتیدان بە باوڕەوە لەگەڵ پارتیدان، لەگەڵ ستراتیژیەت و کارنامەی پارتیدان. جەماوەری پارتی بڕوای تەواوی بە سیاسەتی کارکردنی پارتی هەیە. بۆیە دەتوانین بڵێین پارتی گومانی لەوە نییە کەوا جەماوەرەکەی مەبدەئییەن لەگەڵ حیزبەکەدان. نموونە گەلێک هەن کە مەبدەئی لەگەڵ پارتی هێشتوونەتەوە دوور لە بەرژەوەندیی کەسی.

خزمەتگوزرای: یەکێکیتر لە شانازییەکانی پارتی خزمەتگوزاری و پێشکەوتنەکانن لەسەرجەم بوارەکاندا لە سنووری دەستەڵاتی ئەو حیزبە. پرسیارەکە لێرە ئەوەیە؛ ئایە پارتی منەت بەسەر جەماوەرەکەیدا دەکات؟ وڵامەکەی بێگومان نەخێرە، بەڵکو پارتی دەیەوێت بە خەڵکی کوردستان بڵێت کاتێک پاڵپشتیی ئێوە هەیە، لە ئێمەش خزمەتگوزاری و پێشکەوتن هەیە. بەم دووایەش حیزبەکە لە ڕێیی حکومەتەوە کۆمەڵێک پڕۆژەی سەرتاسەری پێشکەش بە خەڵکی کوردستان کرد.

قۆستنەوەی دەرفەتەکان: پارتی لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا هەستی بە لاوازیی ڕکابەرانی کردبوو و ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بەهۆی ڕووداوە سیاسیەکانی ئەم دوایانەی شاری سلێمانی دەرفەتێکی لەبارتر بۆ پارتی ڕەخسا بۆ بەدەست هێنانی دەنگە ناڕازییەکان و تا دواین خولەکەکانی بانگەشەش خەڵکێکی زۆر پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتیەوە دەکرد.

پلان و ستراتیژیەتی پارتی: پارتی بە پلان و ستراتیژیەتەوە کاریکرد و لە دەستپێکدا ئامانجی خۆی دیاریکرد و بە ڕای گشتیی گوت؛ لە پەرلەمانی عێراق کاری سەرەکیمان چەسپاند و جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە و دەمانەوێت باری لاری سیستەمی حکوماتی عێراق ڕاستەڕێ بکەین. هەبوونی کارنامەیەکی بەهێز و ستراتیژیەکی ڕوون وای کرد ڕای گشتی پێشوازیەکی کراوەتر لە پارتی بکات.

ئەمانە هۆکارگەلێک بوون کەوا پارتی بەو پەڕی متمانەوە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکات و چاڵێنجی ملیۆنی ڕابگەیەنێت و سەرکەوتوو بێت لە بە دەست هێنانی، هاوکات هەم متمانە بەخۆبوونی خودی پارتی بەخۆی و جەماوەری پارتیش بە حیزبەکە وێنا دەکات.

Top