فەرەنسا و ئۆکرانیا ڕێککەوتن لەسەر کڕینی 100 فڕۆکەی جەنگی ڕافال لە ماوەی دەیەی داهاتوودا
سەرۆکەکانی فەرەنسا و ئۆکرانیا لە پاریس "نامەیەکیان"یان واژۆ کرد و لەسەر پلانی کیێڤ کۆک بوون بۆ کڕینی نزیکەی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی ڕافال لە ساڵانی داهاتوودا.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەسەر کڕینی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی ڕافال لەلایەن کیێڤەوە لە ساڵانی داهاتوودا گەیشتنە ڕێککەوتن.
ماکرۆن لە بنکەی ئاسمانی ڤیلاکۆبلا لە نزیک پاریس پێشوازی لە زێلێنسکی کرد کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا نۆیەمین سەردانی فەرمی خۆی بۆ فەرەنسا ئەنجام دەدات.
لەم بنکە ئاسمانییەدا، هەردوولا "نامەی نیەت"یان واژۆکرد سەبارەت بە کڕینی کەرەستەی بەرگری فەرەنسی لەلایەن ئۆکرانیا لە ساڵانی داهاتوودا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی فەرەنسا لە زاری سەرچاوەکانی کۆشکی ئەلیزە، لە نامەکەدا پلانی ئۆکرانیا بۆ کڕینی نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگی ڕافال "لە دەیەی داهاتوودا" لەخۆدەگرێت، هەروەها سیستەمی بەرگری ئاسمانی نەوەی داهاتووی SAMP-T کە لە قۆناغی پەرەپێداندایە، سیستەمی ڕادار و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
ماکرۆن لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X"ی ئەمریکی لێکتێگەیشتنێکی لەگەڵ زێلێنسکی سەبارەت بە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی و کەرەستەی سەربازی بە کیێڤ ڕاگەیاند و ڕێککەوتنەکەی بە "ڕۆژێکی گەورە" وەسف کرد.
گوڵان: سەردار خەلیل
