ئەرك و بەرپرسیارێتیی داهاتووی پەرلەمانتارانی هەڵبژێردراوی كورد لە بەغدا

ئەرك و بەرپرسیارێتیی داهاتووی پەرلەمانتارانی هەڵبژێردراوی كورد لە بەغدا

 

 

دوای كۆتاییهاتنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن كە چەند هەفتەی ڕابردوو لە هەرێمدا بەڕێوەچوو، بە هۆی ململانێی توند لە هەڵمەتەكانی ڕاگەیاندن و وتاری پڕ لە سۆز و گلەیی لە یەكتر، هەندێك جار ئەو چالاكییە هەڵبژاردنانە تێكەڵ بە شێواندنی ڕاستییە مێژووییەكان و بوختان و جنێودانەوە دەبوون، لە ئەنجامدا ئەو هەڵمەتانە هەوڵ بوون بۆ هێنانەكایەی دابەشكاریی سیاسی و دروستكردنی هەڵمەتی ڕاگەیاندن، كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر شەقامی سیاسیی كوردستان بەجێهێشت. بەڵام بە كۆتاییهاتنی گەرموگوڕیی هەڵمەتەكان، پێویستە هەموو هێزە كوردستانییەكان ڕووبەڕووی قۆناغی ئێستا ببنەوە و بە جددی كار بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكان بكەن، لە ڕێگەی كارێكی پەرلەمانیی بەكۆمەڵ و بەرپرسیارانە بۆ بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان لە هەموو بوارە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكاندا.

پێویستە دوای سەركەوتنی نوێنەرانی كورد، لە قۆناغی ململانێی حزبی و بەرگریكردن لە بەرژەوەندییە تەسكەكانی حزبییەوە بگوێزرێتەوە بۆ قۆناغی كارێكی هاوبەشی نیشتمانی، واتە كارێكی كاریگەری پەرلەمانی كە پشت ببەستێت بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكانی ڕابردوو و پابەندبوون بە یەكخستنی هەڵوێستەكان، بۆ بنیادنانی هاوبەشییەكی ڕاستەقینە لەگەڵ بەغدا و، لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە قەوارەی هەرێم لە ناو دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا.

لەم ڕووەوە چەند ئەركێكی سیاسی و ئەخلاقی هەن، كە پێویستە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی كورد پابەندی بن، لەوانە:

١-هێوركردنەوەی شەقامی كوردستانی و گەڕاندنەوەی متمانە بە پڕۆسەی سیاسی لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكی هاوبەش لەلایەن هەموو كوتلە سیاسییەكانی كوردستانەوە، سەبارەت بە پابەندبوون بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێی پەیوەندی لە نێوانیاندا.

٢- پەیوەندیكردن لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و بڵاوكردنەوەی دیدگای نوێنەران، كە ئەوان نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستانن، نەك ئەو حزبانەی كە سەر بەوانن.

٣- دروستكردنی هاوپەیمانییەك لەنێوان نوێنەرانی هێزە كوردستانییەكان، لەسەر بنەمای میساقی شەرەف و پابەندبوونی نوێنەرانی هەرێم بە دەنگدانی بەكۆمەڵ لە پرسە چارەنووسسازەكاندا.

٤- پێكهێنانی ئەنجومەنێكی كوردستانی لە سەرۆكی كوتلە پەرلەمانییەكانی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵێك ڕاوێژكار لە هەموو بوارەكاندا، وەك سەكۆیەكی هەماهەنگی بۆ خستنەڕووی پرسەكانی تایبەت بە هەرێم و بەرگریی هاوبەش لە مافە دەستوورییەكانی.

٥- دابەشكردنی ئەركەكانی هەموو لێژنە پەرلەمانییەكان لەنێوان نوێنەرانی هەرێم لەسەر بنەمای لێهاتوویی و دووركەوتنەوە لە لایەنگریی حزبی لە دامەزراندنەكاندا، لەگەڵ گۆڕینەوەی پۆستەكانی سەرۆكایەتیی لێژنەكان بە شێوەیەكی دەوری.

٦- یەكخستنی هەڵوێستی دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و دیاریكردنی هێڵی سووری هاوبەش، وەك پاراستنی یەكڕیزیی كوردستان و ڕێزگرتن لە دامەزراوەكانی هەرێم و گرنگیدان بە بەرژەوەندیی گشتیی هەرێم.

بەربەستەكان كە نوێنەرانی گەلی كوردستان لە بەغدا ڕووبەڕووی دەبنەوە زۆرن، لەوانە:

١- كێشە لە پێكهاتەی دەسەڵاتی یاسادانان، چونكە نەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵی، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی بەغدا پەك دەخات و، جۆرێك لە ناهاوسەنگیی لە یاسادانان دروست دەكات.

٢- ناكۆكیی یاسایی لە لێكدانەوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی دۆسێیەكانی نەوت و گاز.

٣- بە سیاسی كردنی پشكی هەرێم لە بوودجەی گشتی و مووچەی فەرمانبەران.

٤- بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق و دواكەوتنی بەردەوام لە جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە.

٥ - پەرشوبڵاویی هەڵوێستی كورد توانای دانوستان لاواز دەكات.

٦- زاڵبوونی عەقڵییەتی ناوەندگەرایی لای هەندێك لە كوتلە پەرلەمانییەكانی عێراق.

٧- كەم ئەزموونیی هەندێك لە نوێنەران و نەتوانینیان لە لێكدانەوەی دەقە یاساییەكان، بەهۆی نەزانینی زمانی عەرەبی، كە زمانی زاڵە لە دەسەڵاتی یاسادانان لە بەغدا.

گرنگترین ئەركەكانی نوێنەرانی كورد لە بەغدا زۆر و هەمەچەشنن، لەوانە:

أ- پێكهێنانی شاندێكی هاوبەشی پەرلەمانی، كە نوێنەرایەتیی هەموو كوتلە كوردستانییەكان بكات بۆ دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی، بە ناوی هەموو نوێنەرانەوە و، ئامادەكردنی ڕەشنووسێكی یەكگرتووی دانوستان، كە دۆسێیەكانی بوودجە و یاسای نەوت و گاز و دابەشكردنی داهاتەكان و كێشەكانی ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و چەكداركردن و دابینكردنی بوودجەی هێزی پێشمەرگە و ئامادەكردنی توێژینەوەیەكی گشتگیر، كە چارەسەر و پێشنیارەكان لەخۆ بگرێت.

ب- پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسا بە ناوی كوتلەی كوردستانی، كە پەیوەندیی بە بەرژەوەندییەكانی هەرێمەوە هەیە و، تەنیا بە ناڕەزایەتی و بایكۆتكردنەوە نەوەستن.

پ- سوودوەرگرتن لە ئامرازەكانی چاودێریی پەرلەمانی (لێپرسینەوە، خستنەڕووی پرسیار، لێژنەكانی لێكۆڵینەوە) بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە سیاسی و ئابووری و داراییانەی، كە لەگەڵ هەرێمدا دەكرێن.

ج- دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ نوێنەرە میانڕەوەكانی پەرلەمان لەسەر كاری هاوبەش لە دۆسێیە ئابووری و چاكسازییەكاندا، بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەیەكی نەرم.

د- پتەوكردنی پەیوەندییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان (لە توركمان و شەبەك و ئێزدی و كریستیان و ئەوانی دی)، بۆ ڕوونكردنەوەی دیدگا و هەڵوێستەكانی گەلی كوردستان لەسەر پرسەكانیان.

ر- دووركەوتنەوە لە گۆشەگیریی سیاسی و دەستپێشخەری لە بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق و، وەستانەوە دژی گەندەڵی و بەرگریكردن لە شەفافییەت و لامەركەزییەت و پشتگیریكردنی پارێزگاكان.

ز- دامەزراندنی نووسینگەیەكی هەمیشەیی بە مەبەستی هەماهەنگی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی هەرێم و حكومەتی هەرێم و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.

ژ- گرنگیدان بە دروستكردنی پردێكی متمانە لەنێوان بەغدا و هەولێر و، بانگهێشتكردنی نوێنەرانی عێراق بۆ سەردانی كوردستان و پەیوەندییەكانیان لەگەڵدا پتەو بكەن.

 

Top