سەمیر عەبدوڵڵا یاریزانی تۆپی پێ و پاڵەوانی پێشووی شەترەنج: پێشنیاردەكەم گرنگی بەم یارییە بدرێت و بتوانرێت خولی تایبەت بە «یاریی دامە» لەسەر ئاستی شارەكانی كوردستان ئەنجام بدرێت
سەمیر عەبدوڵڵا، یەكێكە لە یاریزانە دیرینەكانی تۆپی پێی هەولێر و بەشداریی دەیان یاریی تۆپی پێی كردووە و لە هێڵی هێرشبەر یاری كردووە و سەدان گۆڵی تۆمار كردووە. لەساڵی 1977 یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی شەترەنجی هەولێر و یەكەمین پاڵەوانی شەترەنجی هەولێر و ڕاهێنەری یانەی هەولێر بووە. لەساڵی 1987 یەكەم ڕاهێنەری هەولێر و كوردستان بووە كە ئۆلمپیادی شەترەنجی بەدەست هێناوە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ» (وەرزش وەك ئامڕازێك بۆ ناساندنی نەتەوە)، لەبەر رۆشنایی پرسیارەكانی ئێمە بە سكایپ بەشداری لەگەڵ كردین و دواتریش پرسیار و وەڵامەكانی بۆ ناردین كە ئەمە دەقەكەیەتی.
پێشنیارەكان بۆ ناساندنی وەرزش وەك نەتەوە
* بەڕای ئێوە، وەرزش چ ڕۆڵێك دەتوانێت لە ناساندنی كەلتوور و ناسنامەی نەتەوەیی كورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بگێڕێت؟
- هەر نەتەوەیەك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ئاڵاكەیەوە ناسراوە، ئێمەی خەڵكی كوردستان ئاڵامان هەیە، بەڵام بەداخەوە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ نین. بۆیە لە زۆر بواردا ناتوانین بە ئاسانی كەلتوور و نەتەوەی خۆمان لە بۆنە فەرمییەكاندا بە جیهان بناسێنین. بۆ ناساندنی كلتوری كوردیمان زۆر ڕێگامان لەپێشە كە بتوانین كاری بۆ بكەین، تا دەبینە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ، یەك لەمانە بواری وەرزشە.
وەرزش لەگشت وڵاتان جەماوەرێكی زۆری هەیە، چونكە مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە ئاشنای جۆرەكانی وەرزش دەبێت و هەندێكیان بەردەوام دەبن و هەندێكیشیان ناودار دەبن، كەچی هەندێكیان بەهۆكاری جۆراوجۆر دووردەكەونەوە لە یاریكردنی وەرزش. بەڵام تا لەسەر ژیانن شەیدای وەرزش دەبن و سەیری یارییەكان دەكەن و سەرسامی یاریزانە بەناو بانگەكان دەبن. بۆ نموونە:
ئەگەر ڕاپرسییەك بكەین لە خەڵكی خۆمان كێ ناوی سەرۆكی پورتوگال دەزانێ، ڕەنگە لەسەدا ڕێژەیەكی زۆر كەممان بە دەست بكەوێت، بەڵام بڵێین كرستیانۆ ڕۆناڵدۆ خەڵكی كام وڵاتە لەسەدا بە ڕێژەیەكی زۆر دەڵێن خەڵكی پورتوگالە.
كەواتە لە ڕێگای وەرزشەوە بە نەخشە و پلانێكی دوورمەودا دەتوانین كوردستان و خەڵكی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسێنین، چونكە ئەوەی بەوەرزش دەكرێت، ڕەنگە بەسیاسەت نەكرێت.
دوو ڕووداو كە بەسەرخۆم هاتووە پێم خۆشە بۆتانی باس بكەم.
ڕووداوی یەكەم:
لە سەرەتای ساڵی 2000، لە شاری «نۆیس»ی ئەڵمانیا، یاریزانێكی گراند ماستەری ئەڵمانی لە یاریی شەترەنج بە ناوی «فلاستیمیل هۆرت»، لە هۆڵی كتێبخانەی شارەكە بانگهێشت كرابوو. یاریزانێكی زۆر چاوەڕێی بەشداریكردنی یارییەكەیان دەكرد. ئەو داوای كرد، تەنیا 18 یاریزان بەشدار بێت. خۆشبەختانە من یەكێك بووم لەو یاریزانانە.
یارییەكە بەم شێوەیە بوو: ئەو بە تەنیا لە یەك كاتدا لەگەڵ هەموومان بە بەردە سپییەكان یاری دەكرد و هەر یەكێك لە ئێمەش بە بەردە ڕەشەكان یاریمان دەكرد. ئەوەی جێگای دڵخۆشیم بوو، تەنیا من لە ناو ئەو 18 یاریزانە توانیم سەركەوتن بەدەست بهێنم.
لە كۆتایی یارییەكان، لێمی پرسی: تۆ خەڵكی كام وڵاتی؟
وتم: خەڵكی كوردستانم.
وتی: لە كام بەشیانی؟
وتم: بەشی عێراق.
وتی: ژەنەڕاڵ بارزانی؟
وتم: بەڵێ.
وتی: پێخۆشحاڵم لە نزیكەوە یاریم كرد لەگەڵ یاریزانێكی شەترەنجی لێهاتووی كورد.
زۆر دڵخۆش بووم كە یاریزانێكی بەناوبانگی ئەڵمانی شارەزایی لە خەباتی ڕەوای خەڵكی كوردستان هەیە و ناوی سەركردەی نەمرمان بارزانیی نەمر دەزانێت. هەروەها زۆر دڵخۆش بووم كە بە هۆی یاریی شەترەنجەوە توانیم لە نزیكەوە هۆكارێك بم بۆ ئەوەی كورد زیاتر لە ئەڵمانیا بناسرێت.
ڕووداوی دووەم:
ساڵی 2007 لەگەل منداڵەكانم گەشتێكمان كرد بۆ سویسرا، لە باخچەیەكی شاری زیورخ كۆمەڵێك لە یاریزانان یاریی شەترەنجیان دەكرد بە بەردەكانی شەترەنج كە گەورە بوون و لە پلاستیك دروست كرابوون. لەگەل دوو یاریزانی خەڵكی سویسرا بەم بەردانە یاریم كرد، كە زۆر زەحەمەت بوو، چونكە یەكم جارم بوو، بەم بەردە گەورانە یاری بكەم. خۆشبەختانە لەهەردووكیانم بردەوە، مرۆڤێكی بەتەمەن داوای یاریكردنی لێم كرد، ئەوە بوو، هەردووكمان یەكسان بووین، دیار بوو یاریزانیكی لێهاتوو بوو. ئەویش لێمی پرسی: خەڵكی كام وڵاتی؟
وتم: كوردستان. یەكسەر وتی ژەنەڕاڵ بارزانی. وتم: شارەزاییت هەیە لەسەری؟
وتی: بەڵێ.
ئەو شارەزاییەكی زۆر باشی هەبوو لەسەر خەڵكی كوردستان، باسی ئەو دەوڵەتانەی ناوچەكەمانی كرد، كە كاتی خۆی چۆن خاكی كوردستانیان داگیر كردووە.
بۆ زانیاری، زۆر لە یاریزانانمان توانیویانە لە چەندین یاریی وەرزشیدا مەدالیای زێڕ و زیو و بڕۆنزی بەدەست بهێنن و ئاڵای كوردستانیش بەرز بكەنەوە. ئەوەش بۆمانی دەسەلمێنێت كە لە ڕێگای وەرزشەوە دەتوانین كەلتوور و ئاڵای كوردستان بە گشت جیهان بناسێنین.
* لە كوێدا هەست دەكەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كەمتەرخەمن لە پشتیوانیكردنی وەرزش، بەتایبەت لەو بوارانەی كە دەتوانن وەك نوێنەری نەتەوەیی دەربكەون؟
- كوردستان هەرێمێكی فیدڕاڵییە لەناو دەوڵەتی عێراق، لە بواری وەرزشییەوە بەستراوە بە لێژنەی ئۆلمپیی عێراق كە سەرپەرشتیی هەموو یەكێتییەكانی وەرزشی عێراق دەكات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش وەرزشوانان تەنیا دەتوانن بە ناوی عێراقەوە بەشداری لە پاڵەوانێتییە وەرزشییەكانی وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا و جیهانی بكەن، واتە وەرزشوانانی كوردستان ناتوانن بە ناوی كوردستان و بە ئاڵای كوردستانەوە بە فەرمی وەك نوێنەری نەتەوەیی لەو پاڵەوانێتییە وەرزشییانەی جیهان بەشداری بكەن.
ساڵی 2012 دكتۆر دڵزار حەمەسالح سەرۆكی یانەی شەترەنجی خانزاد، پەیوەندی لەگەڵم كرد، وتی: مامۆستا كێشەیەكمان هەیە لەگەڵ یەكێتیی ناوەندی شەترەنجی عێراق.
وتم چییە؟
وتی: پاڵەوانیی نێودەوڵەتیمان ڕێكخستووە لە هەولێر بەسەرپەرشتیی یەكێتیی ناوەندیی شەترەنجی عێراق لە هەولێر، پۆستەرمان چاپ كردووە و ئاڵای عێراق و كوردستانمان داناوە، كەچی عێراق پێمان دەڵێت دەبێت ئاڵای كوردستان لەسەر پۆستەرەكان لابدەن و تەنیا ئاڵای عێراق دابنێن. ئەگەرنا سزامان دەدەن و یاریزانانی وڵاتە عەرەبیەكانیش دەكشێنەوە و تەنیا حەفت یاریزانانی وڵاتانی ئەورووپیمان بۆ دەمێنێتەوە. وتی: چی بكەین باشە؟
وتم: ناوی پاڵەوانییەكە بگۆڕن و بیكەن بە ناوی «فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی»، ئەوكات ناتوانن سزاتان بدەن.
وتی: ئەی ئەو یاریزانانەی عەرەب كە دەكشێنەوە؟
پێشنیارم كرد، ئاڵای كوردستان لانەدەن، با یاریزانە عەرەبەكان بكشێنەوە.
وتی: داواكاریەكم هەیە دەتوانی بە ناوی ئەڵمانیا بەشدار ببیت و ئاڵایەكی ئەوروپیمان بۆ زیاد بكەیت؟
وتم: بەڵێ.
ئەوە بوو، بە ناوی ئەڵمانیا بەشداریم كرد و فیستیڤاڵەكەش بەبێ یاریزانانی عەرەب سەركەوتنی بەدەست هێنا و ئاڵای كوردستانیش لەسەر پۆستەرەكان مایەوە، هەروەها بەغداش نەیتوانی سزای یانەی خانزاد بدات.
* چۆن دەتوانین سوود لە پاڵەوانێتییە وەرزشییە نێودەوڵەتییەكان وەربگرین بۆ پیشاندانی تواناكانی گەنجانی كورد و ناساندنی دۆزی كورد بە جیهان؟
- لە ڕێگای فیستیڤاڵەكانەوە دەتوانین باشدار ببین. بۆ نموونە: بە نەخشەو پلانێكی داڕێژراو و دووربین، دەتوانین هەموو ساڵێك لەو یارییانەی كە یاریزانانەكانمان توانایان هەیە و لێهاتوون، یاریزانانی دەوڵەتەكان بانگهێشت بكەین، بۆ بەشداربوونیان لە فیستیڤاڵە وەرزشییەكان لەناو كوردستان، هەروەها یانە وەرزشییەكان و یاریزانەكانمان بتوانن لە فیستیڤاڵی دەوڵەتەكان بەشدار ببن.
بۆ ئەم مەبەستە پێویستیمان بەم خاڵانە هەیە:
یەكەم: تەرخانكردنی بوودجەیەكی بەهێز بۆ ئەم فیستیڤاڵە وەرزشییانەی ساڵانە لە ڕێگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانمانەوە لە دەرەوەی وڵات بتوانین ڕێكەوتنیان لەگەڵ بكەین، بۆ بەشداربوونی یاریزانەكان و یانەكانمان لە وڵاتەكانیان.
دووەم: پێكهێنانی لێژنەیەكی وەرزشی لە چەند وەرزشوانی دڵسۆز و لێهاتوو بۆ ئەم مەبەستە.
* پێویستە چ پلان و ستراتیژێك دابنرێت بۆ پەرەپێدانی وەرزشی بنەڕەتی (وەرزشی قوتابخانە و گەڕەكەكان) بۆ دروستكردنی نەوەیەكی وەرزشكار و بەتوانا؟
- بۆ پەرەپێدانی وەرزشی بنەڕەتی لە قوتابخانەكان و گەڕەكەكانی شارو شارۆچكەكانی كوردستان پێویستە كار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەین:
لە پەرەپێدانی وەرزشی لە قوتابخانە بنەڕەتییەكان، دەتوانین بە نەخشە و پلانێكی درێژخایەنی ساڵانە هەوڵ بدرێت بە دروستكردنی قوتابخانەی نوێ لە هەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستان لەسەر ئەندازەیەكی نوێی شارستانی و زانستی كە بەم جۆرە بن:
1. هەر پۆلێك 28 قوتابی تێدا بێت.
2. پێویستە قوتابخانەكان یەك دەوام بن، بۆ ئەوەی قوتابیان دوای دەوامی فەرمی، كاتیان هەبێت لەلایەن مامۆستایانی وەرزش، بە كاتێكی دیاریكراو وەرزشی جۆراوجۆر بكەن.
3. لەم قوتابخانەیانە هۆڵ و گۆڕەپانی شیاو بۆ یاریكردنی وەرزش هەبێت.
4. گرنگیدان بە مامۆستایانی وەرزشی بە كردنەوەی خولی تایبەت بە چۆنیەتیی فێركردنی قوتابییەكان لەسەر بنەمایەكی هونەری وزانستی.
5. دابینكردنی جلوبەرگ و پێویستییەكانی هەموو جۆرەكانی وەرزشی منداڵان.
6. دابینكردنی پاسێكی تایبەت بۆ هاتوچۆكردنی قوتابییە وەرزشوانەكان.
7. دامەزراندنی بنكەیەكی تەندروستیی وەرزشی بۆ منداڵان.
8. دامەزراندنی مامۆستای لێهاتوو لە بواری دەروونی و هزری بۆ منداڵەكان.
9. دامەزراندنی مامۆستای تایبەت لە بواری كۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بتوانێت كێشەكانی قوتابییە وەرزشوانەكان لەگەڵ خێزانەكانیان چارەسەر بكات.
10. لەبەر ئەوەی یاریی شەترەنج یارییەكی هزرییە، پێشنیار دەكەم لە هەر قوتابخانەیەك مامۆستایەكی شارەزا لە شەترەنج دابمەزرێت، بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا یاریزانەكانمان نەك تەنیا بەجەستە ببنە پاڵەوان، بەڵكو بە هزر و بە جەستە ببنە پاڵەوان، تا بتوانن پێناسەی پاڵەوانییەكانیان وا بە ئاسانی لەدەست نەدەن.
11. كردنەوەی خولی تایبەت بۆ پۆلەكانی قوتابخانەكان.
12. كردنەوەی خولی پێشبركێی ساڵانە لەسەر ئاستی قوتابخانەكانی شار و شارۆچكەكان.
13. تەرخانكردنی بوودجەیەكی دیاریكراوی ساڵانە بۆ خەڵاتكردنی لێزان و لێهاتووەكان.
14. ڕێكخستنی پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان قوتابخانەكان لەلایەك و یەكێتییە وەرزشییەكان و یانە وەرزشییەكان و بنكە وەرزشییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی وەرزشی گشتی لە وزارەتی ڕۆشنبیری.
15. یانە وەرزشییەكان دەتوانن سوود لە توانای ئەم منداڵانە وەربگرن، بەتایبەتی ئەوانەی لێهاتوون، هەر لە منداڵییەوە بانگهێشتی یانەكانیان بكەن و سەرپەرشتییان بكەن و ئامادەیان بكەن بۆ ئایندی یانەكانیان.
16. تەرخانكردنی كەناڵێكی وەرزشی بۆ منداڵان، تا بتوانرێت لە ڕێگای ئەم كەنالەوە چالاكییەكانی وەرزشی قوتابیان پەخش بكات. هەروەها بتوانرێت فەلسەفەی گرنگیدان بە وەرزش بخاتەڕوو و ڕوونیان بكاتەوە، كە وەرزش كۆمان دەكاتەوە، نەك توندڕەو بین بەرانبەر نەتەوەیەك دژ بە نەتەوەیەكی دیكە.
17. بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەیەكی كەمدا ئەم خاڵانە جێبەجێ بكەین، پێشنیار دەكەم، ئەگەر بكرێت لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزارەتێك بەناوی (وەزارەتی وەرزش) دابمەزرێت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بتوانێت سەرپەرشتی ئەم پڕۆژەیە بكات و خاڵ بەخاڵ جێبەجێیان بكات.
دەربارەی پەرەپێدانی چالاكییە وەرزشییەكان لە گەڕەكەكان
وەرزشكردن لەناو گەڕەكەكان جیاوازە لەوەی لە قوتابخانە بنەڕەتییەكان دەكرێت، چونكە لە گەڕەكەكان لەگەڵ هەرزەكارەكان هەڵسوكەوت دەكرێت، هەندێك لەو خاڵانەی كە لەسەرەتا ئاماژەم پێدان، ڕەنگە هەمان خاڵ بن بۆ پەرەپێدانی وەرزش لە كۆڵانەكان، بێجگە لەو خاڵانەی كە هاوبەشن ئەم خاڵانە پێشنیار دەكەم :
1. لە هەر گەڕەكێك پەرتووكخانەیەكی گشتی هەبێت بەتایبەتی لە بواری كتێبە وەرزشیەكان، بۆ ئەوەی لاوەكانمان پێش ئەوەی وەرزش بكەن، ئاستی زانیاری و وشیارییان بەهێز بێت و بتوانن بە ئاسانی لەگەڵ پێشكەوتنەكانی وەرزشی جیهانی ئاشنا بن و شارەزاییان هەبێت.
2- هەر گەڕەكێك بە فەرمی تیپێكی میللیی خۆیان هەبێت.
3- گۆڕەپانی وەرزشیان بۆ ئامادە بكرێت، كە بتوانرێت زیاتر لە چەند یارییەك مەشق و یاری تێدا بكرێت.
4- یانە وەرزشییەكان پەیوەندییان لەگەڵ تیپە میللیەكانی ناو گەڕەكەكان هەبێت و چاودێریی یاریزانەكان بكەن، تا بتوانن یاریزانە بە تواناكان بانگهێشتی یانەكانیان بكەن و پەرەی پێبدەن تا لە ئایندەدا سوود لە تواناكانیان وەربگرن.
جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەش بە شەو و ڕۆژێك ناكرێت، بەڵكو بە نەخشە و پلانێكی درێژخایەن بوودجەیەكی تایبەت و بەرپرس و مڕۆڤی دڵسۆز و لێهاتووی دەوێت.
* ئایا هاندان و پشتیوانیكردنی وەرزشی ژنان چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر پێگەی كۆمەڵایەتیی ژنانی كورد و نیشاندانی سیمایەكی پێشكەوتووی هەرێم؟
- پێم باشە وشەی ئافرەت بەكار بهێنین، چونكە زۆرینەی وەرزشوانان كچن نەوەك ژن بن. شارستانیەتی هەر میللەتێك لە پێشكەوتنەكانی ئافرەتەكانیانەوەیە، هەر چەند ئافرەتان شان بەشانی پیاوان كار بكەن و بەشدار بن لە گشت بوارەكانی ژیان، ئەوا هاوسەنگی دروست دەبێت و وڵات بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، پێچەوانەكەشی ڕاستە. بۆ ئەوەی ئێمەش وەك نەتەوەیەكی كوردستانی بەرەو شارستانیەت هەنگاو بنێین، پێویستە بە نەخشە و پلانێكی داڕێژراو گرنگی بە تواناكانی ئافرەتان بدەین.
یاریكردنی وەرزش لەناو ئافرەتاندا ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ پێشخستنی بیركردنەوەی كچەكانمان هەر لە منداڵییەوە كە چۆن بتوانن تێكەڵی خەڵك بن بەگشتی و وەرزشوانانیش بەتایبەتی.
ساڵانی حەفتاكان كاتێك لە پەیمانگای مامۆستایان بووم، قوتابییە كچەكانمان زۆر پێشكەوتووتر و ئازادتر بوون. لە ساڵی 1975 كاتێك تیپی پەیمانگەكەمان لە تۆپی پێ لە گۆڕەپانی هەولێر یاری دەكرد، ژمارەیەكی بەرچاو لە كچەكانی پەیمانگاكەمان ئامادە دەبوون و هانی تیپەكەمانیان دەدا.
ساڵی 1985 خاتوو فرمێسك وریا لە یاریی شەترەنج مەدالیای زێڕی بەدەست هێنا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، ئەوە بوو ڕۆژنامە عێراقییەكان نووسیبوویان: «أول عراقية عربية تحرز المدالية الذهبية»! ئەوكات لە بەغدا بووم، بەشداریی پاڵەوانییەكمان دەكرد، بە ڕۆژنامەنووسی وەرزشی «سەكبان الربیعي»م وت: چۆن دەبێت ئەم پاڵەوانە كچە ناوەكەی كوردییە، ئێوە بنووسن: ئەم كچە عەرەبە! وتی: ڕاست دەكەیت، نابێت.
بۆ بەیانییەكەی بابەتێكی دیكەی بڵاو كردەوە و دەستەواژەكەی گۆڕی و عەرەبەكەی لادا و نووسی: «أول عراقية تحرز المدالية الذهبية في بطولة العرب للنساء».
لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە لە ڕێگای وەرزشی ئافرەتانەوە دەتوانین ڕۆڵی پێناساندنی نەتەوەكەمان بگەیێنینە گشت وڵاتان.
بۆ پێشخستنی وەرزشی ئافرەتان لە كوردستان پێویستمان بەم خاڵانەی خوارەوە هەیە:
1- گرنگیدان بە باخچەی ساوایان و قوتابخانە بنەڕەتییەكان بە دابینكردنی مامۆستای لێهاتووی وەرزشی، هەروەها بە دابینكردنی پێویستییەكانی وەرزشی. دەتوانم بڵێم زۆربەی ئەو خاڵانەی كە پێشتر دیارم كردبوون بۆ كاركردن لە قوتابخانەكان، دەتوانین كاری بۆ بكەین.
2- خەڵكی خۆمان خەڵكێكی داخراون، پێویستە بە نەخشە و پلانێكی زانستی و كۆمەڵایەتی بتوانین لەگەڵ خێزانەكانیان پەیوەندیی باشمان هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵیان متمانەیەكی بەهێز دروست بكەین.
* چۆن دەتوانین وەرزشی میللی و كەلتووری كوردی (وەك زۆرانبازیی كوردی، یان یارییە تەقلیدییەكان) زیندوو بكەینەوە و بیانكەین بە بەشێك لە ناساندنی كەلتووری نەتەوەییمان ؟
- بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لەگەڵ بەتەمەنەكان و شارەزا لە مێژووەكانمان ئەم بابەتە باس بكرێت و سیمیناری تایبەتی بۆ ڕێك بخرێت. یارییە كوردییەكان زۆرن، یەكێك لەمانە یاریی دامەیە كە زۆرینەی بەتەمەنەكانمان بەتایبەتی لە لادێیەكانمان تاكو ئێستاش یاری دەكەن. پێشنیاردەكەم گرنگی بەم یارییە بدرێت و بتوانرێت خولی تایبەت بە «یاریی دامە» لەسەر ئاستی شارەكانی كوردستان ئەنجام بدرێت.
* ڕۆڵی میدیای وەرزشی كوردی چۆن دەبینن لە گەشەپیدانی وەرزش و ناساندنی وەرزشكارانی كورد بە ڕای گشتی ناوخۆ و دەرەوە؟
- میدیای وەرزشی لەسالی ٢٠٢٥ هەنگاوی باشی ناوە لە پەخشكردنی چالاكییەكانی وەرزشی. گرنگیدان بە یاریزان و یانە بەناوبانگەكانی جیهان كارێكی گرنگ و پێویستە، بەڵام گرنگیدانی زیاتر بە چالاكییە وەرزشییەكانی ناوخۆ هاندەرێكە بۆ لاوەكانمان بۆ ئەوەی بتوانن لە چالاكییەكانی وەرزشیدا ڕۆڵی خۆیان ببینن. هەروەها كردنەوەی كەناڵێكی وەرزشی ڕۆژانە بۆ ئەوەی بتوانێت لە نزیكەوە پەخشی ڕووداوە وەرزشییەكان بكات و لاوەكانمان هان بدات بۆ یاریكردنی وەرزش لەسەر بنەمایەكی زانستی و هونەری و هزری كارێكی پێویستە.
* بەپێی تێڕوانینت، چ ئاستەنگ و گرفتێك هەیە لە بەردەم گەیشتنی وەرزشكارانی كورد بە ئاستی نێودەوڵەتی و چۆن دەتوانین چارەسەریان بكەین؟
یەكەم: دەستنیشانكردنی بەرپرسە وەرزشوانەكان لەسەر ئاستی لێزانی و دڵسۆزبیان بۆ كوردستان.
دووەم: دوورخستنەوەی ئەو بەرپرس و ڕۆژنامەنووسانەی وەرزشی كە دەبنە هۆكاری دروستبوونی دووبەرەكی لەناو وەرزشوانان و یانەكان و تیپەكان.
سێیەم: گرنگیدان بە كردنەوەی خولی ڕاهێنان و ناوبژیوانی لەسەر ئاستی ناو كوردستان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
چوارەم: دەستنیشانكردنی چەند ڕاهێنەرێكی بەناوبانگ لەسەر ئاستی جیهانی بۆ ئەوەی بتوانن مەشق بە یاریزان و یانەكانمان بدەن.
پێنجەم: گرنگیدان بە بەشداریكردنی چەند یاریزانی بەناوبانگی جیهانی بۆ ئەوەی لە یانەكانی نایابی كوردستان یاری بكەن و تیپەكەیان بەهزتر بكەن.
* چۆن دەتوانین وەبەرهێنەرانی تایبەت هان بدەین بۆ وەبەرهێنان لە بواری وەرزشدا، بە ئاراستەی دروستكردنی ژێرخانی وەرزشیی پێشكەوتوو؟
- بە فرۆشتنی یانە وەرزشییە بەناو بانگەكانی كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانن بە گوێرەی یاسا وەك لە وڵاتە پێشكەوتووەكان هەیە لە وەرزش تا بتوانن ڕاستەوخۆ سەرپەرشتییان بكەن و پێویستییەكانیان جێبەجێ بكەن و بەرهەمیان زیاتر بێت و حكومەتەكەشمان بە گوێرەی یاسایەكی داڕێژڕاو سوودیان لێوەربگرێت.
* ئەگەر ئیوە سەرپەرشتیاری پڕۆژەیەك بن بۆ ناساندنی نەتەوەی كورد لەڕێگای وەرزشەوە، یەكەم سێ هەنگاوتان چی دەبێت؟
- یەكەم: گرنگیدان بە وەرزشوانە بەناوبانگەكانی كورد لە تاراوگە بەتایبەتی لە یارییە تاكەكان كە لەهەر سەركەوتنێكیان ئاڵای كوردستان بەرز دەكەنەوە، چونكە ئەمانە لەسەر توانای ئابووریی خۆیان ئەمجۆرە دەستكەوتانە بەدەست دەهێنن. دووەم: بەشداربوونی هەڵبژاردەكانی كوردستان لە خولە هەرێمەكانی نێودەوڵەتی، هەروەها سازكردنی بەشێك لەم خولانە لەناو كوردستان. سێیەم: تەرخانكردنی ڕاگەیاندن و میدیاكانی وەرزشی بۆ ناساندنی ئەم پاڵەوانانەی كوردستانی لە ناوخۆ و لە دەرەوەی كوردستان.
بۆ جێبەجێكردنی ئەم سێ خالە پێویستە بوودجەیەكی پێویست و شیاو تەرخان بكرێت بۆ ئاسانكردنی چالاكییەكانیان، هەروەها ڕێزگرتن وپشتگیرییان.
