دەیان هەزار کەس لە شاری لیسبۆن دژی چاکسازی لە یاسای کار ناڕەزایەتیان دەربڕی
دەیان هەزار کەس ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ئەم مانگە لە شاری لیسبۆن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە پلانی حکومەتی ناوەندی ڕاستی پورتوگال بۆ چاکسازیکردن لە یاساکانی کار.
سەندیکاکان دەڵێن: چاکسازییەکان مافی کرێکاران تێکدەدەن و بەشداربووانیش داوای زیادکردنی مووچەیان کردووە. گەورەترین سەندیکای کرێکارانی پورتوگال، کۆنفیدڕاسیۆنی گشتی کرێکارانی پورتوگال کە ناڕەزایەتییەکەی ڕێکخست، حکومەتی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لایەنگری کۆمپانیا گەورەکانە لە کاتێکدا کرێکارانی کەم مووچە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیاندا کێشەیان هەیە.
حکومەتی سەرۆک وەزیران لویس مۆنتینیگرۆ لە مانگی ئەیلولدا ڕەشنووسی یاسای چاکسازی لە یاسای کاردا پەسەند کرد و ڕایگەیاند، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی توانای ڕکابەرییە.
گوڵان: سەردار خەلیل
