فەرەنسا: تورکیا پێشکەوتنی بەرچاوی لە هەناردەکردنی پیشەسازی بەرگریدا بەدەستهێناوە
وەزارەتی بەرگری فەرەنسا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: کە تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی پیشەسازی بەرگریدا بەدەستهێناوە.
ڕاپۆرتی هەناردەکردنی چەک لەلایەن وەزارەتی بەرگری فەرەنسا، کە پێشکەش بە پەرلەمانی وڵاتەکەی کراوە، باس لەوە دەکات کە دیمەنی کێبڕکێی بازاڕی چەک لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە جگە لە پێشەنگی هەناردەکارانی چەک وەکو ئەمریکا، ڕووسیا و ئەڵمانیا، “یاریزانە نوێیەکانی وەک چین، کۆریای باشوور و تورکیا کە تادێت بەرهەمە بەرگرییەکانی خۆیان پەرەپێدەدەن، خەریکە کاریگەری زیاتر لە بازاڕی چەکدا پەیدا دەکەن”.
وەزارەتی بەرگری فەرەنسا لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە: "تورکیا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا یەکێک لە پێشکەوتنە سەرنجڕاکێشەکانی لەنێو دە یەکەمی هەناردەکاری جیهانیدا بەدەستهێناوە.
ئەنقەرە بەردەوامە لە وەبەرهێنانی بەرچاو لە پەرەپێدانی پیشەسازی چەکدا".
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: پیشەسازی چەکی تورکیا لە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 80% زیادبوونی هەناردەکردنی بە بەراورد بە ساڵی 2023 گەیشتە ژمارە پێوانەیەکی نوێ، بەتایبەتی لە ڕێگەی چەندین گرێبەستی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
