بوومەلەرزەیەکی کوشندە باکووری ئەفغانستانی گرتەوە
بەرپرسانی ئەفغانستان ڕۆژی دووشەممە ٣ی ئەم مانگە ڕایانگەیاند: کە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٣ پلە باکووری ئەفغانستانی هەژاندووە پێش خۆرهەڵاتن و بەهۆیەوە لانیکەم ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٢٠ کەسیش برینداربوون.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری تاڵیبان، پارێزگاکانی بەلخ و سەمەنگان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە و تیمەکانی فریاگوزاری ڕەوانەی ئەو ناوچانە کراون و هاوکاری پێشکەش دەکەن.
ڕووپێوی جیۆلۆجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ناوەندی بوومەلەرزەکە بە دووری ٢٢ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای شاری خولم بە قووڵایی ٢٨ کیلۆمەتر روویداوە.
بوومەلەرزەکە ئەوەندە بەهێز بوو کە لە کابول و چەند پارێزگایەکی دیکە هەست بە لەرزینەکانی کراوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی بومەلەرزەلێدراون لە ترسدا لە ماڵەکانیان ڕایانکردووە و هەندێکیشیان چەندین کاتژمێر لە شەقام و شوێنە کراوەکان ماونەتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
