ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە پەرەپێدانی هۆشیاریی هەڵبژاردندا

ڕۆڵی ڕاگەیاندن  لە پەرەپێدانی هۆشیاریی هەڵبژاردندا

 

 

پێویستە ڕاگەیاندنی كوردستان ڕۆڵێكی كارا لە پەرەپێدانی هۆشیاری هەڵبژاردن ببینێت، وەك ڕاگەیاندنێكی بەرپرس و پیشەیی و بەشدارێكی ڕاستەقینە لە بنیادنانی كەلتووری بەشداری و گۆڕانكاری بەرەو داهاتوویەكی باشتری سیاسی. لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندن یەكێكە لە ئامرازە دیارەكان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتیان و هاندانیان بۆ بەشداریی سیاسی و هەڵبژاردن، جا لە كۆمەڵگە تازەپێگەیشتووەكان، یان پێشكەوتووەكاندا بێت، دەبێت ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی خۆی لەم بوارانەی خوارەوەدا ببینێت:

یەكەم: هۆشیاركردنەوە و ڕۆشنبیركردن، لەوانە:

1- هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان كە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن مافێكی سرووشتی و بەرپرسیارێتییەكی گشتییە.

2- بڵاوكردنەوەی كەلتووری سیاسی و شیكردنەوەی چەمكەكانی هەڵبژاردن و ڕۆڵی پەرلەمان.

3- دروستكردنی هۆشیارییەكی گشتی بە گرنگیی بەشداریكردن لە ژیانی سیاسیدا و زیانەكانی بایكۆتكردن.

4- لێكدانەوەی زاراوە سیاسی و یاساییەكان و ڕێكارەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردن.

دووەم: بەهێزكردنی متمانەی گشتی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەوانە:

1- بنیادنانی پەیوەندییەكی جددی و شەفاف لەنێوان دەزگاكانی ڕاگەیاندن و دەنگدەران لە ڕێگەی ڕووماڵكردنێكی شەفاف و بێلایەنانەی پڕۆسەی هەڵبژاردن.

2- دووركەوتنەوە لە زانیارییە چەواشەكارانە و تێگەیشتنە هەڵەكانی تایبەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕوونكردنەوەی جیاوازیی نێوان بەرنامەكانی هەڵبژاردن و بەڵێنە ناواقیعییەكان.

3- هاندانی گفتوگۆ و مشتومڕی ئاشكرا لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی پەیوەست بە تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكان لەنێوان كاندیدە كێبڕكێكارەكانی هەڵبژاردندا.

4- هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئاشكراكردنی سەرپێچییەكان و ڕێژەی بەشداریی ڕاستەقینە.

سێیەم: دروستكردنی كەناڵەكانی پەیوەندی لەنێوان هاووڵاتی و دامەزراوەكانی هەڵبژاردندا.

1- بڵاوكردنەوەی ڕێنماییەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی شەفاف.

2- تەرخانكردنی سەكۆ بۆ كاندیدەكان بۆ خستنەڕووی بەرنامەكانیان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هاووڵاتیان بۆ باسكردنی كێشەكانیان.

3- بەهێزكردنی هەستی توانای گۆڕانكاری لەلای دەنگدەر، لە ڕێگەی ڕۆڵی چاودێرییانەی ڕاگەیاندن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، كە متمانەی دەنگدەر بەهێز دەكات بەوەی دەنگی بەفیڕۆ ناڕوات.

4- هاندانی دەنگدەر بۆ بەراوردكردن لەنێوان كاندیدەكان بەوەی كە هەڵبژاردنەكەی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنێكی هۆشیارانە و بەرنامەیەكی ئامانجدار بێت، بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە.

ڕۆڵی ڕاگەیاندن، جا لە پەرەپێدانی هۆشیاری بە گرنگیی هەڵبژاردنەكان، یان لە هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەشداریی ڕاستەقینە، زۆرجار ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە:

1- زاڵبوونی پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان بەسەر دەزگاكانی ڕاگەیاندندا و، لە ئەنجامدا بەكارهێنانیان بۆ بانگەشەی حزبی، كە دەبێتە هۆی ئەوەی پەیامی ڕاگەیاندن تەنیا بانگەشەیەكی حزبیی تەسك بێت، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەشدارینەكردنی كۆمەڵێكی فراوان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا.

2- كەموكووڕی لە پیشەییبوونی هەندێك لە ڕاگەیاندنكاران و دڵنیا نەبوونەوەیان لە زانیارییەكان، كە دەتوانێت ببێتە هۆی بڵاوكردنەوەی هەواڵی چەواشەكارانە، ئەمەش دەنگدەر تووشی سەرلێشێواوی دەكات و دوودڵی زیاد دەكات لە بەشداریكردنی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا.

3- لاوازیی ڕۆڵی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی ناوخۆیی، چونكە زۆربەیان سەرچاوەی دارایی پێویستیان نییە بۆ بینینی ڕۆڵی پیشەییی خۆیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، لە بەرانبەر زاڵبوونی ڕاگەیاندنی پارتە دەسەڵاتدارەكان بەسەر گۆڕەپانی سیاسی و، ئەو كاریگەرییە نەرێنیانەی كە لەسەر دەنگدەری سەربەخۆ دروستی دەكات.

ڕاستییەكەی، ڕۆڵی ڕاگەیاندنی كوردستان لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هەڵبژاردندا لە ڕوونكردنەوەی گرنگیی دەنگی دەنگدەران بە جۆرە جیاوازەكانیانەوەیە لە بنیادنان و كاراكردنی دامەزراوەكانی هەرێمدا، بۆیە دەبێت ڕاگەیاندن ڕەچاوی گرووپە ئامانجدارەكان لە هۆشیاركردنەوە و ناوەڕۆكی وتاری ڕاگەیاندن كە ئاراستەیان دەكرێت، بكات. بۆ نموونە، وتاری ئاراستەكراو بۆ گەنجان دەبێت جەخت بكاتەوە لەسەر گرنگی و ڕۆڵی گەنجان لە داهاتووی گەلەكەمان و دەبێت سۆشیال میدیا بەكاربهێنرێت بۆ قسەكردن لەگەڵیان و، هاندانیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا. پەیامەكان كە ئاراستەی ژنان دەكرێن، دەبێت جەخت بكەنەوە لەسەر گرنگیی ڕۆڵی ئافرەتان لە بنیادنان و پەرەپێدانی كۆمەڵگە لە ڕێگەی بنیادنانی خێزان و پەروەردەكردنی نەوەكانەوە و، بەوەی كە ڕۆڵی ئەوان لە ڕۆڵی پیاو لە بڕیاردانی سیاسیدا كەمتر نییە، هەروەها دەبێت وتاری ڕاگەیاندن لە ڕێگەی بەرنامەكانی گفتوگۆ لەگەڵ ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و خستنەڕووی ڕۆڵی ئافرەتانی ناودار لە مێژووی گەلەكەماندا ئاراستە بكرێت. هەروەها دەبێت دەزگاكانی ڕاگەیاندن وتاری گونجاو بۆ گرووپەكانی دیكەش بەكاربهێنن، جا ئەكادیمییەكان، یان خاوەن پیشەكان، لە جووتیاران و كرێكاران و بازرگانان و خاوەن پیشە ئازادەكان و خانەنشینان و كەمئەندامان و بەساڵاچووان بن، چونكە دەبێت هەر گرووپێك بە شێوەیەك قسەی لەگەڵ بكرێت، كە هەست بە گرنگیی ڕۆڵی خۆی لە هەڵبژاردنەكاندا بكات و، دەنگی داهاتوو بۆ هەمووان دروست بكات.

ئەو ڕاگەیاندنەی كە لە كوردستان پێویستمان پێیەتی بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی هۆشیاریی هەڵبژاردن، پێویستی بە ڕاگەیاندنێكی ئازاد و بەرپرس و پیشەیی هەیە، كە تەنیا ڕووداوەكان نەگوازێتەوە، بەڵكو بە شێوەیەكی كردەیی و بە بێلایەنی و شەفافییەتێكی تەواو بەشداری بكات لە قووڵكردنەوە و چەسپاندنی كەلتووری بەشداریكردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ژیانی سیاسی و دروستكردنی هۆشیارییەكی نیشتمانیی دیموكراتی و چەسپاندنی خۆشەویستیی كوردستان و گەلەكەی و قوربانیدان لە پێناویدا لە دڵ و دەروونی هەموو هاووڵاتیانی كوردستاندا.

لەو بارەیەوە، بەهێزكردنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە پەرەپێدانی هۆشیاریی هەڵبژاردندا پێویستی بەم خاڵانە هەیە:

1- هەموو دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەست بە هەڵمەتێكی یەكگرتووی نیشتمانی بكەن، بۆ هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا بە شێوەیەكی پیشەیی و بێلایەنانە.

2- ڕاهێنانی كارمەندانی ڕاگەیاندن لەسەر ڕووماڵكردنی هەڵبژاردن بە تەواوی شەفافییەت و بێلایەنییەوە.

3- هاوكاریی دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، جا لە چاودێریكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، یان هەڵسەنگاندنی ڕێڕەو و ئەنجامەكانی بە شێوەیەكی پێویست شەفاف و بێلایەنانە.

4- هەڵسەنگاندنی بەڵێنی كاندیدەكان دوای هەڵبژاردنەكان لە ڕێگەی بەرنامەكانی شیكردنەوەوە، بۆ بەهێزكردنی متمانە بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دڵنیابوونەوەی دەنگدەر كە دەنگەكەی بە فیڕۆ نەچووە.

 

Top