داشکاندنی بێ وێنە لەسەر نەوتی ئێران بۆ چین دوای توندکردنەوەی سزاکانی ڕۆژئاوا

داشکاندنی بێ وێنە لەسەر نەوتی ئێران بۆ چین دوای توندکردنەوەی سزاکانی ڕۆژئاوا

 

 

ئەو ڕاپۆرتانەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی  تشرینی یەکەم، بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە داشکاندنی نەوتی ئێران بۆ کڕیارانی چینی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا.

زیادکردنی داشکاندنەکان لە هەمان کاتدا بووە کە ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا سزاکانی سەر ئێران و ڕووسیایان توندتر کردووە.

هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئێران بۆ ڕادەستکردنی مانگی کانوونی یەکەم بە داشکاندنی زیاتر لە ٨ دۆلار بە بەراورد لەگەڵ پێوەرەکانی جیهانی نەوتی خاوی برێنت دەفرۆشرێت.

لە مانگی ئەیلولدا داشکاندنەکە نزیکەی ٦ دۆلار بووە و لە مانگی ئازاردا نزیکەی ٣ دۆلار بووە.

هەندێک لە سەرچاوە بازرگانییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە هەندێک حاڵەتدا نرخەکان تا ١٠ دۆلار لە خوار پێوەرەکانی برێنت دابەزیوە.

شایانی باسە کە توندتر کردنی گەمارۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەدژی کۆمپانیا و پاڵاوگەکانی پێوەندیدار بە بازرگانی نەوتی ئێران نێویشیاندا چەند پاڵاوگەیەکی چینی، نیگەرانییەکانی کڕیارانی زیاتر کردووە و قەبارەی بازرگانیش کەم بووەتەوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top