ڕاگرتن و داخستنی بەرنامەکانی پاراستنی ژنان و کچان لە توندوتیژی
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە ٢7ی ئەم مانگە هۆشداریدا کە کەمبوونەوەی پارەی حکومەت بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کچان لە سەرانسەری جیهان ڕابگیرێن یان دابخرێن.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، بە تایبەتی کەمکردنەوەی بودجەی حکومەت لە بواری مافی مرۆڤ و یارمەتییە مرۆییەکان، لەوانەش کەمبوونەوەی بەرچاوی بودجەی حکومەتی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەردەوامیی ئەو بەرنامانە هەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە کە بە پشکنین بۆ 428 ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ئامادەکراوە، زۆرێکیان ناچاربوون چالاکییەکانیان کەم بکەنەوە یان ڕابگرن.
بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەک لەسەر سێی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا لە ماوەی تەمەنیاندا تووشی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی دەبن.
ڕێکخراوەکە هۆشداری داوە کە ئەگەر ئەو ڕەوتە ئێستایە بەردەوام بێت، ئەو پێشکەوتنانەی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە بواری یەکسانی جێندەری و پاراستنی قوربانییانی توندوتیژیدا بەدەست هاتوون، مەترسییەکی جددییان لەسەرە.
گوڵان: سەردار خەلیل
