مەترسی و لێکەوتەکانی دوای ئاگربەستی غەززە
لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا و هەماهەنگیی وڵاتانی هەرێمیی عەرەبی، ئیتر دەبێ چاوەکان ئامادە بن پریشکی ئەم ئاگرەی لە دوای هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر کە لە ناوچەکەدا دروست بووە، بۆ کام لا ئاراستەکەی دەگۆڕێ، کە ئەمە بە دڵنیاییەوە لە وتەکانی (بنیامین نەتەنیاهۆ) سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رەنگی داوەتەوە، کە هەمیشە دەڵێت، جەنگ کۆتایی نەهاتووە. ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، عێراق لە کوێی ئەم مەترسیانەدایە؟
لە ڕاستیدا لە دوای رووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، عێراق بە سەرکردایەتیی گرووپە چەکدارەکان، هەمیشە بەرەی ئێرانی هەڵبژاردووە، تا کار گەیشتووەتە ئەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدار بێت لەو شەڕەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، گۆڕانکارییەکانیش لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکن، کە هەموو ئاماژەکان ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە، ئەم کارەی میلیشیاکان، ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە کە ئەمجارە نۆرەی عێراق بێت، بەتایبەتی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکە سەربازییەکانی لە عێراق بەرەو هەرێمی کوردستان، هەروەها خستنە لیستی سزادانی کۆمەڵێک لە کەسایەتی و گرووپی عێراقی، کە ئەمەریکا تاوانباریان دەکات بە هاوکاریکردنی ئێران لە سپیکردنەوەی دۆلار و هاوکاریی ئێران لە بەقاچاخفرۆشتنی نەوتەکەی لە ڕێگەی عێراقەوە، ئەم هەنگاوانەش بە ئاراستەی شەڕن بە جۆرێک لە جۆرەکان.
خۆ ئەگەر ئەو ئەگەرە گریمانە بکەین، کە خامۆشکردنی گرژییەکان لە بەرەی غەززە وەک ئامادەکارییەک بێت بۆ هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە عێراق ئەم جارە بەشێک دەبێت لەم شەڕە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.
ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، دەکرێ سەردانەکەی (عەلی لاریجانی) ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئێران بۆ عێراق، وەک ئامادەکاریی ئەم گرووپانە هەژمار بکرێت بۆ جەنگی داهاتوو، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی ئەم میلیشیایانە ئەوەیان نەشاردووەتەوە کە مانەوەیان پەیوەستە بە مانەوەی رژێم لە ئێران، کەوابێ لەم ئەگەرەشدا عێراق لە داهاتوودا لە بەردەم مەترسیی جەنگدایە و لە هەر ئان و کاتێکدا دەکرێت ئەم جەنگە بەرۆکی عێراق بگرێت.
ئاماژەیەکی تر، کە دووپاتی ئەم مەترسیانە دەکاتەوە، پاشەکشەی (رەوتی سەدرە) بە سەرکردایەتیی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکانی بانگەشەیە بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو، کە جێگەی گومانە بە شێوەیەک هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق وەک ئەوە وایە چاوەڕوانی پێشهاتێك بن، چونکە گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسیی عێراقدا، ماوەیەکی درێژە جێگەی سەرنجی سیاسییەکان و چاودێرەکانیەتی، بە تایبەتی دوای گۆڕانکاری لە سووریا، لەبەر ئەوەی سیستمی سیاسی لە عێراق کاریگەرە بە گۆڕانکارییەکان لە وڵاتانی دراوسێ، بە جۆرێک دەبێتە هۆی گۆڕانی باڵانسی هێز لە نێوان پێکهاتەکانی ئەوەی لە ڕابردوو لە دەسەڵاتی سووریادا ڕێگر بوو لە بەرفراوانبوونی هەژموونی سوننە لە عێراقدا، لە ئێستاشدا دەسەڵات لە سووریا هاوکارە بۆ دووبارە گەڕانەوەی هەژموونی سوننەکان، ئەمەش هەر ئەگەرێکی کراوەی بەردەوامە لەسەر گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی لە عێراقدا.
دیاریکردنی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق (مارک ساڤایا) لەسەر بنەمای کۆمەڵێک راستییە، کە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بوونیان هەیە، لەوانە دوورخستنەوەی عێراق لە هەژموونی ئێران و گەڕانەوەی سەقامگیریی سیاسی لەو وڵاتەدا و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەم وڵاتەدا، کە بێگومان دەستبردن بۆ ئەم کارە لە عێراقدا بەریەککەوتنی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەتی هەڵوێستی گرووپە چەکدارەکان و کاردانەوەی سوننەکان و هەڵوێستی کورد، هەموو ئەمانە دەکرێت گەورەترین مەترسی دروست بکەن و عێراق بەرەو چارەنووسێکی نادیار ئاراستە بکەن، ئەمە سەرباری ئەوەی دیاریکردنی نوێنەر لەبری باڵیۆز لە وڵاتان، بە مانای بوونی کێشەیە لە سەروەریی ئەم وڵاتە، کە ئەمەش پێمان دەڵێ، گۆڕانکاری لە عێراقدا حەتمییە.

محەمەد عەلی