گەورەترین کەشتی فڕۆکە هەڵگری جیهان کە لە دەریای کاریبی جێگیر دەکرێت

گەورەترین کەشتی فڕۆکە هەڵگری جیهان کە لە دەریای کاریبی جێگیر دەکرێت

 

 

دوابەدوای هێرشی دووبارەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەلەمەکانی ڤەنزوێلا، ئەمریکا ناردنی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری USS Gerald R. Ford بۆ دەریای  کاریبی ڕاگەیاند.

کەشتیی جیراڵد ئاڕ فۆرد — گەورەترین کەشتی جەنگییە لە جیهاندا کە توانای هەڵگرتنی ٩٠ فڕۆکە و زیاتر لە ٥ هەزار دەریاوانی هەیە — دەچێتە پاڵ کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکە جەنگییەکانیF-35  و ژێردەریایەکی ئەتۆمی بەهێز کە پێشتر لە ناوچەکەدا جێگیر کراوە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، هێزەکانی ئەمەریکا لانی کەم هەشت هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر بەلەمەکان لە ئاوەكانی ڤەنزوێلا ئەنجامداوە کە پنتاگۆن دەڵێت: بۆ قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان بەکارهاتوون. هێرشەکان تا ئێستا زیاتر لە 38 کوژراوی لێکەوتووەتەوە و کاردانەوەی توندی کاراکاسی لێکەوتووەتەوە.

سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ ئەمەریکا بەوە تۆمەتبار دەکات کە "بیانوویەک بۆ شەڕێکی نوێ دروست دەکات" و فەرمانی بە بەرگرییە ئاسمانییەکان کردووە کە لە ئامادەباشی تەواودا بن.   

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سی ئای ئەی دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە کە ئۆپەراسیۆنی نهێنی لەسەر خاکی ڤەنزوێلا ئەنجام بدات، ئەمەش هەنگاوێکە کە دەتوانێت ڕێگا بۆ کودەتایەکی دیکە لە ئەمریکای لاتین خۆش بکات.

لە کاتێکدا واشنتۆن ئەم ئامادەبوونە سەربازییە بە بەشێک لە "شەڕی قاچاخچییەکان" وەسف دەکات، هەندێک لە شرۆڤەکاران بە هەوڵێک بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی مادۆرۆ و پێناسەکردنەوەی هەژموونی ئەمریکا بەسەر ناوچەکەدا دەزانن.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top