نۆ وڵاتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەشداری سزاکانی سەر ئێران دەکەن
ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی 17 ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند: کە نۆ وڵاتی ئەوروپا کە ئەندام نین و هاوپەیمانن لەگەڵ بڕیارە نوێیەکەی یەکێتی ئەوروپا بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی ئەتۆمی دژی ئێران هاوڕان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وڵاتانی ئەلبانیا، بۆسنە و هەرزەگۆڤینا، ئایسلەندا، مۆڵدۆڤا، مۆنتینیگرۆ، باکووری مەقدۆنیا، نەرویج، سربیا و ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە، کە لەگەڵ ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئەوروپا هاوڕان و بەپێی ئەو بڕیارە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیان ڕێکدەخەن.
سزاکانی سەر بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە بۆ ماوەی 10 ساڵ لە چوارچێوەی پلانی کاری هاوبەشی گشتگیر هەڵپەسێردرابوو، لە 28 ی ئەیلول بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دووبارە سەپێنرانەوە. ئەمەش لە ئەنجامی چالاککردنی میکانیزمی دەستپێکەر (snapback) لەلایەن لایەنە ئەوروپییەکان لە JCPOA.
دوای ئەوە ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاش بڕیاریدا دووبارە ئەو سزایانە بسەپێنێتەوە و ئێستا ڕایگەیاندووە: کە نۆ وڵاتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا خۆیان لەگەڵ ئەم بڕیارەدا هاوتەریب کردووە.
گوڵان: سەردار خەلیل
