شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان تاڵیبان و هێزەکانی پاکستان بەردەوامە
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 12ی یتشرینی یەکەم ، لانیکەم لە پێنج خاڵ لە سنووری ئەفغانستان و پاکستان پێکدادانێکی توند ڕوویدا و لە ئەنجامدا چەند سەربازێک کوژران و حکومەتی ئیسلام ئابادی ناچار کرد دوو دەروازەی سەرەکی سنووری دابخات.
لە کابول، وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان ڕایگەیاند، لانیکەم ٥٨ سەربازی پاکستان کوژراون و نزیکەی ٣٠ سەربازی دیکەش برینداربوون.
ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کە نۆ سەربازی ئەفغانستانیش کوژراون و نزیکەی ١٨ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
تا ئێستا بەرپرسانی پاکستان ئاماری قوربانییانی بەفەرمی بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە پشتڕاستیان کردەوە کە سێ سەربازی پاکستانی و کەسێکی سڤیل کوژراون و پێنج سەربازیش بریندار بوون.
پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و تاڵیبان کە سەردەمانێک هاوپەیمان بوون، بەهۆی پەنادانی ئەندامانی تەحریری تاڵیبانی پاکستان، کە گرووپێکە لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان هێرشی کوشندەیان لە دژی حکومەتی پاکستان ئەنجامداوە، زۆر ئاڵۆز بووە.
گوڵان: سەردار خەلیل
