پێنج چەکدار لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر ناوەندێكی مەشقی پۆلیس کوژران
هێزە ئەمنییەکانی پاکستان دوای هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ناوەندێکی مەشقی پۆلیس لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا پێنج هێرشبەریان کوشت.
هێزە ئەمنییەکانی پاکستان لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێرشبەران پێنج چەکداریان کوشت، دوای ئەوەی هێرشیان کردە سەر ناوەندێکی مەشقی پۆلیس لە پارێزگای خیبەر پەختونخوا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی جیۆ نیوز، پۆلیسی خەیبەر پختونخوا ڕایگەیاند، چەکدارەکان ناوەندێکی مەشقی پۆلیسیان لە ناحیەی دێرا ئیسماعیل خان کردۆتە ئامانج.
دوابەدوای چوونە ژوورەوەی هێرشبەرەکان بۆ ناو ناوەندی مەشق و ڕاهێنان، شەڕێکی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارەکاندا ڕوویدا.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا حەوت ئەفسەری پۆلیس و پێنج هێرشبەریش کوژراون. هەروەها بڕێک تەقەمەنی لەوان جلیقەی خۆکوژیش لە دەست هێرشبەرەکان دۆزرایەوە.
دوێنێ سوپای پاکستان ڕایگەیاند: کە لە ئۆپەراسیۆنێکی جیادا لە پارێزگای خیبەر پەختوونخوا 30 چەکداری پەیوەندیدار بە پێکدادانەکەی 7ی تشرینی یەکەمەوە کە 11 سەربازی پاکستانی تێدا کوژران لەناوبراون.
گوڵان: سەردار خەلیل
