دڵشاد کاوانى سێ کتێبى نوێ چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
دڵشاد کاوانى نووسەر و ڕۆماننووس،سێ کتێبى نوێ چاپ و بڵاو دەکاتەوە. دڵشاد کاوانى نووسەر و ڕۆماننووس و شاعیرە، لە بوارەکانى ڕەخنەى ئەدەبی و چیڕۆک و ڕۆمان و فەلسەفە و دەنووسێت. تا ئێستا خاوەنى بیست و شەش کتێبە و 14 لە کتێبەکانى چاپ و بڵاوکردۆتەوە.
بەمزووانە سێ كتێبی نوێی ئەم نووسەرە چاپ و بڵاو دەبێتەوە و دەکەویتە بەردیدى خوینەران، کە پێکهاتوون لە..
-کتێبى (سەفەرى نامەکان), کتێبێکى ئەرشیفیی و 450 لاپەڕیە، دکتۆر هێمن عومەر خۆشناو پێشەکیى کتێبەکەى نووسیوە و پێداچوونەوەى بۆ کردووە. ئامانج بیلال کاوانى کارى هەڵچنى تێدا کردووە. لە چاپخانەى ئیسرا لە وڵاتى ئێران چاپ دەكرێت.
-کتێبى دووەمى بیرەوەرییە بەناوى (پەڕینەوە بە قاچاغ)، ئەم كتێبە لە 88 بەش و (330) لاپەڕەیە و لە چاپخانەى کارۆ لە سلێمانى چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. ئەم کتێبەش باس لە ڕووداو و بەسەرهاتەکانى ڕێگەى سەختەکانى قاچاغ دەكات. سەرهاتەكانی دوو کۆچى جیاواز و دۆخى کۆچبەری لە نێوان ساڵانى 1996 بۆ 2002 دەگێڕێتەوە. زرار سەرتاش و محەممەد مەلا ڕەحمان هەڵچنییان کردووە.
-کتێبى سێیەم قەسیدەیەکى شیعریی (50) لاپەڕەییە و لەبارەى پڕۆسەى ئەنفالەوە نووسراوە. لە پاڵ پێشەکیی کتێبەکەدا شاعیر تێکستەکەى پێشکەش بە داپیرەى ئەنفالکراوى ساڵى 1988 کردووە. لە چاپخانەى چوارچرا چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
دڵشاد کاوانى ڕایگەیاند: لە کتێبى سەفەرى نامەکانیدا نامە و ئەرشیفى سى ساڵى ڕابردووى ژیانى پاراستوون و سەرجەمی لە کتێبێکدا کۆیکردوونەتەوە و لەگەڵ پڕۆژە و پێشنیار و یادداشت و چالاکییەکانیدا لە کتێبیکدا خراونەتەڕوو. نامەکان بە زمانەکانى کوردی، عەرەبى، فارسى، ئینگیلزیی، و ئەڵمانین. خۆى 163 نامە و بەڵگەنامە دەبینێتەوە. 52 ئەدەبیی و 23 نامەى کەسیى و 2 نامەى سیاسیی و یەک نامەى دڵداریى و 16 یاداشتنامە و 14 پڕۆژە و پێشنیار و 55 نووسراوى فەرمیی و لەگەڵ چەندین وێنە و بەڵگەنامە و دیکیۆمێنت، لە بوارەکانى ئەدەبیی و هونەریى و ڕۆژنامەنووسیی و چالاکی ڕۆشنبیریی و كاری ڕێکخراوەییە.
هەروەها کتێبی پەرینەوە بە قاچاغ,كتێبێكی بیرەوەرییە بە زمانێكی ئەدەبیی بەرز نووسراوە. لە پێشەكییەكی نووسەر و دووبەشی سەرەكیی و هەشتاو هەشت بەشی بچووك پێك هاتووە. باسی دۆخی كۆچبەریی و باند و قاچاخچییەتی كردن بە مرۆڤ دەكات. یادداشت و بیرەوەی دوو گەشتی جیاوازی گەنجێكی تەمەن نۆزدە ساڵانی كوردە، لە ساڵانی كۆتایی نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای ساڵی دووهەزار و دووی سەدەی بیستەم. كاتێك بە هۆی خراپی باردۆخی ئەو كاتەی كوردستان، وەك هەر گەنجێكی دیكە، نووسەر بەمەبەستی گەیشتن بە ژیانێكی خۆشگووزەرانیی ڕوو لە تاراوگە دەكات. پەڕینەوە بەقاچاغ گێڕەووەی دەیان دیمەنی ناخهەژێنی گەنجانی كوردە و ڕووداوە جیاوازەكانیان دەگێڕیتەوە. چیڕۆكەكانی پڕ لە نەهامەتیی و ناسۆریی كۆچبەرانی كوردە بۆ ڕووكردنە ئەوڕووپا، لە ڕیگەی سنوورەكانی عێراق و ئێران. توركیا و یۆنان و بولگاریا. تێیدا گرتن و كوشتن و دەستدرێژیی و مردن و خنكان لە دەریادا دەخاتەڕوو.
دواین کتێبیش كە قەسیدەى شیعرییە بەناونیشانی شەوە بیبانیەکانى لم. دڵشاد کاوانى لە بارەی كتێبەكەوە گوتى: ئەم قەسیدەیەى شێوە و ڕێچکەى شیعرییەتى تایبەتە بە خۆی و بە هەست و قوڵایی ئەنفالدا ڕۆچووە، کە بۆ پیرێژنێکى کوردی سەرووى هەشتا ساڵییەوە نووسیوە کە لە ساڵى 1988 کەوتۆتە بەر شەپۆلى ئەنفال و ئەویش (زەیبنەب حەمەدەمین)ى داپیریەتى,شایانى باسە قەسیدەى شەوە بیابانییەکانى لم براوەى خەڵاتى سێیەمى 27 فیستیڤاڵى گەلاوێژ بووە بۆ ساڵى 2024.
هەروەها لە بارەی بەرهەمە چاپكراوەكانەوە دڵشاد کاوانى ڕایگەیاند كە ئەم سێ بەرهەمەی زۆر لەلا تایبەتن،چونکە گەرانەوەیە بۆ مێژوو و پڕۆسەى تۆمارکردن و خۆنووسینەوەی زیاتر لە سى ساڵى ڕابردووى ژیانییەتی,لە ڕێگەى بەرهەمەکانەوە دەرد و مەینەتیی و چەوساندنەوەى گەلى کوردی تێدا خۆستۆتە ڕوو.
هەرسێ کتێب لە ماوەیەکى زۆر نزیکدا لە دووتوێى بەرگێکى جواندا دەکەونە بەردەستى خوێنەران و دەخزێتە نیو کتێبخانەى کوردییەوە.
