سەرۆکی هەرێم و پارتی و سلێمانی
لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، سەرۆکی هەرێم سەردانی تورکیای کرد. تێیدا چەندین دیداری سیاسی، لە ئاستی باڵادا ئەنجامدا. لە نێویاندا دیداری لەگەڵ سەرۆکی تورکیا هەبو. لە دیدارەکەدا سەرۆکی هەرێم، داوای لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە سەرۆکی تورکیا دەکات. سەرۆکی تورکیا، بە داواکەی سەرۆکی هەرێم ڕازی دەبێت.
ئەم دیدارە لەکاتێکدایە، تورکیا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ماوەی گەمارۆکەی بۆ ٣ مانگی تر درێژکردبۆوە. ئەم داوایەی نێچیرڤان بارزانی لە ئەردۆگان، بڕیارەکەی تورکیای هەڵوەشاندەوە.
وردەکاری دیدارەکە و گفتوگۆی نێوانیان، لە زۆربەی میدیاکان بڵاوکراوەتەوە و پێویست ناکات من دوبارەی بکەمەوە. ئەم کارەی سەرۆکی هەرێم هیچ منەتی تێدا نییە و ئەرکێکی ئاسایی سەرشانیەتی و جێبەجێی کردووە. ئێمە نە بە منەت بە خەڵکی دەفرۆشینەوە، نە وەک بانگەشە بەکاریدەهێنین، بەڵکو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمە و چۆن لە خەمی هەولێرە ئاواش لە خەمی سلێمانیدایە.
ئەوەی جێی سەرنج بو لەلای من، میدیاکانی (ی.ن.ک) بون. هەر یەکەیان بەجۆرێک باسی ڕوداوەکەیان دەکرد و دەیانویست ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم لابدەن لە بابەتەکە. ناوی سەیر و سەمەرەیان دەهێنا. کار گەیشتە ئەوەی هەندێکیان دەیانفەرمو: (بەهۆی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکەوەیە)!
من تێناگەم بۆ یەکێتی دەکەوێتە هەڵەیەکی ئاوا گەورەوە؟ بۆ ئاوا خەڵک بە گەوج دەزانن؟ وادەزانن ئەگەر لە میدیاکانەوە بڵێن: (بافڵ تاڵەبانی ) یان (قوباد تاڵەبانی) ئەم کارەیان کردووە، ئیتر خەڵک نازانێت سەرۆکی هەرێم کردویەتی؟
باشە بەردەوام ڕاگەیاندنی یەکێتی هاوار هاواریان نییە، گوایە پارتی ئەوەی بۆ هەولێر و دهۆکی دەکات بۆ سلێمانی و هەڵەبجەی ناکات؟ دەی ئەوەتا نێچیرڤان بارزانی لە خەمی کێشەیەکی سلێمانیدایە و ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێگەیاندووە و ئێوە ناتانەوێت. ئەسڵەن پێتانناخۆشە گەمارۆکە لادراوە، چونکە لەبری (قوباد و بافڵ تاڵەبانی) نێچیرڤان بارزانی کردویەتی.
بیرمە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشودا نێچیرڤان بارزانی وتی : ( ئێمە شەڕ بە سلێمانی ناکەین، بەڵکو شەڕ بۆ سلێمانی دەکەین) ئەم کارە سەلمێنەری قسەکەیەتی. خۆ لە دەیان کاری تریش پارتی ئەوەی سەلماندووە و جیاوازی لەنێوان شارەکاندا نەکردووە. تۆ سەیری پڕۆژەی ڕوناکی و هەژماری من و سەرجەم کارەکانی تری حکومەت بکەن.
جا من دەمەوێت پێتان بڵێم، بۆ پارتی شار و شارۆکە و گوندەکان هەموی کوردستانە، لەهەر جێیەک پێویست بێت خزمەت دەکەین. هەر ئەوەشە وای کردووە، بەردەوام پارتی حیزبی یەکەمی کوردستان و عێراق بێت و هیچ هێزێک نەتوانێت شان بدات لە شانی.

سەرخێل حاجی جەمال