پێنتاگۆن سەنتەری مەشقی تایبەت بۆ فڕۆکەوانە قەتەرییەکان دروست دەکات

پێنتاگۆن سەنتەری مەشقی تایبەت بۆ فڕۆکەوانە قەتەرییەکان دروست دەکات

 

 

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، بەنیازە ناوەندێکی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان بۆ فڕۆکەوانانی قەتەر دابمەزرێنن.

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەنیازە ناوەندێکی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان بۆ فڕۆکەوانانی قەتەر لە ویلایەتی ئایداهۆ دابمەزرێنن، بەمەبەستی فراوانکردنی هاوکاری سەربازی لەگەڵ قەتەر.

ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پەرەسەندنی هاوکارییەکانی هەردوو وڵات لە بوارەکانی پەروەردە، تەکنەلۆژیا، و ئاسایشی فڕۆکەوانی.

بەپێی هەواڵی میدیا ئەمریکییەکان، پیت هیگسیس ، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ شێخ سعود بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، وەزیری بەرگری قەتەر ڕایگەیاند: کە پنتاگۆن بەنیازە ناوەندێکی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان بۆ فڕۆکەوانانی قەتەر لە بنکەی هێزی ئاسمانی ماونتێن هۆم لە ویلایەتی ئایداهۆ دابمەزرێنێت.

هیگسیس گوتی، سەنتەرەکە بڕیارە میوانداری فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 15 و فڕۆکەوانانی هێزی ئاسمانی قەتەر بکات و ئامانجی ئەوەیە "بەرزکردنەوەی مەشقی هاوبەش و زیادکردنی توانای شەڕکردن و باشترکردنی هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکانی نێوان هەردوو وڵات".

بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، دروستکردنی ئەم جۆرە دامەزراوەیانە دەستپێشخەرییەکی نوێ نییە.

ئەمریکا لە چەند دەیەی ڕابردوودا ناوەندی هاوشێوەی بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی دامەزراندووە و لە ئێستادا فەوجێکی شەڕکەر لە سەنگافورەوە لە هەمان بنکە جێگیرکراون.

بەرپرسێکی بەرگری ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، پشتڕاستی کردەوە کە حکومەتی قەتەر پارەی ناوەندی نوێی مەشق و ڕاهێنانەکە دەدات. بەڵام نووسینگەی وەزیری بەرگری ئامادەنەبوو وردەکاری زیاتر لەبارەی بودجە یان کەی دەست بە بیناسازی بکات، بخاتەڕوو.

واشنتۆن و دۆحە مێژوویەکی دوور و درێژیان لە پەیوەندی بەرگری و فڕۆکەوانیدا هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٠ هێزی ئاسمانی ئەمریکا گرێبەستێکی واژۆکرد بۆ فرۆشتنی زیاتر لە ٣٥ فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٥ بە قەتەر.

دوای دوو ساڵ، ڕاپۆرتێکی ژینگەیی هێزی ئاسمانی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بنکەی ماونتێن هۆم بەنیازە ١٢ لەو فڕۆکە شەڕکەرانە لە دامەزراوەیەکی نوێدا جێگیر بکات کە نزیکەی ٣٠٠ سەربازی قەتەری و ئەمریکیش مەشقیان پێدەکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا دەتوانرێت ئەم پڕۆژە پەروەردەییە لە ویلایەتی ئایداهۆ بە درێژەی هەمان بەرنامە هەژمار بکرێت.

بە گوتەی شارەزایانی سەربازی، ئەم ناوەندە ڕێگە بە هەردوو وڵات دەدات، مانۆڕی ئاسمانی هاوبەش بە پێی ستانداردە پێشکەوتووەکانی ناتۆ ئەنجام بدەن و ئاستی هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە نوێنەرایەتییە ناوچەییەکان بەرز بکەنەوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top