بەهۆی تەقینەوە نۆزدە کەس بێسەروشوێن بوون
دوای تەقینەوەیەکی وێرانکەر لە کارگەیەکی تەقەمەنی سەربازی لە ویلایەتی تێنسی ئەمریکا کە ڕۆژی هەینی ڕوویدا، لانیکەم ١٩ کەس بێسەروشوێنن و ترسی گیانلەدەستدانیان هەیە.
بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، لە ڕووداوەکەدا چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئامارێکی وردی لەبارەی ژمارەی قوربانییەکانی نەخستەڕوو.
کریس دەیڤس، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی هامفریس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تەقینەوەکە نزیکەی کاتژمێر 7:45 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆ لە کارگەیەکدا ڕوویداوە کە نزیکەی 50 میل لە ڕۆژئاوای شاری ناشڤیل لە ویلایەتی تێنسی دوورە.
دەیڤس گوتی بریکارەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و نووسینگەی مەی و تووتن و چەکی ئاگرین و تەقەمەنی لە شوێنی ڕووداوەکەن و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکەن.
وێنە ئاسمانییەکانی سی ئێن ئێن دەریدەخەن کە هیچ شوێنەواری بینای کارگەکە لە شوێنی تەقینەوەکەدا نەماوە.
هەروەها دەیڤس ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێکە لە "ترسناکترین دیمەنەکان کە تا ئێستا بینیبێتی".
هەروەها دانیشتوانی ناوچە دوورەدەستەکان باسیان لەوە کردووە کە لە چەند کیلۆمەترێکەوە گوێیان لە تەقینەوەکە بووە و تەنانەت هەستیان بە لەرزەکانی کردووە.
کارگەکە لە دیزاین و بەرهەمهێنان و هەڵگرتنی تەقەمەنی بۆ مەبەستی سەربازی چالاک بوو.
بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە دەکەوێتە شاری باکس نۆرس لە ویلایەتی تێنسی، لەسەر زەوییەکی ١٣٠٠ دۆنم، کە هەشت بینای بەرهەمهێنان و تاقیگەی کۆنترۆڵکردنی کوالیتی تێدایە.
دەوترێت، هەرچەندە کارگەکە هیچ مێژوویەکی کێشەی سەلامەتی نییە، بەڵام لە ساڵی 2014 تەقینەوەیەکی بچوک لە بەشی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی ڕوویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
گوڵان: سەردار خەلیل
