بەرگریی ئینسولین چییە؟
بەرگریی ئینسولین Insulin resistance حاڵەتێكی ئاڵۆزە كە خانەكانی لەش كاردانەوەی دروستیان بۆ هۆرمۆنی ئینسولین نابێت، واتە توانای خانەكان بۆ بەكارهێنانی شەكری گلوكۆز كەم دەبێتەوە، دەرەنجام ئاستی شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە و گلاندی پەنكریاس بڕی زیاتری ئینسولین دەردەدات و ئاستەكەی لە خوێندا بەرزدەبێتەوە Hyperinsulinemia. ئینسولین هانی شەكری گلوكۆز دەدات كە لە خوێنەوە بچێتە ناو خانەكانی لەش بۆ بەدەستهێنانی وزە. بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە حاڵەتی پێش شەكرە Prediabetes، ئینجا ئەگەر كۆنتڕۆڵ نەكرێت، ئەوا پەرە دەسەنێت بۆ نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو. هۆكارەكان: بۆماوە، زیادبوونی كێش و قەڵەوی، ئەنجام نەدانی مەشقی وەرزشی، خۆراكی ناتەندروست، سستبوونی گلاندی دەرەقی، هەروەها زیانی لابەلای بەكارهێنانی چەند دەرمانێك وەكو ستیرۆیدەكان و دەرمانەكانی چارەسەكردنی ئایدز و پەستانی بەرزی خوێن. نیشانەكان: كەمبوونەوەی كێشی لەش، هەستكردن بە ماندووبوون، زیاد تێنووبوون، زیاد برسیبوون، زیاد میزكردن، لێڵبوونی بینین، پەیدابوونی زێدەگۆشت لەسەر پێستدا، تاریكبوونی ڕەنگی پێست لە بن كەوش و تەنیشتەكانی مل، هەروەها زیادبوونی ئەگەری هەوكردن بە كەڕوو.
