ســـەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە شاندێكی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا بە سەرۆكایەتیی مەتڕان ئەنتۆنی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا كرد
ئەمڕۆ سێشەممە 30/9/2025، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە شاندێكی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا بە سەرۆكایەتیی مەتڕان ئەنتۆنی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا كرد. لە دیدارەكەدا ماكسیم ڕۆبین، كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر ئامادەی بوو، شاندی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ كوردستان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و ئەو ئاشتی و تەباییەی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستاندا هەیە. ئەوەشیان دووپات كردەوە كە بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن كە لە ناوچەیەكدا هەڵكەوتووە كە سەرچاوەی مرۆڤایەتییە و بڕوای قووڵی بە پێكەوەژیان هەیە. شاندی میوان خوازیاری ئەوەش بوون پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەموو ناوەندە ئایینیەكانی كوردستان بەردەوام بێت و بەرەو پێشەوە بچێت.
