بەرهەمهێنانی ئاو لە هەوادا

بەرهەمهێنانی ئاو لە هەوادا

ئیمارات، ساڵانە دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار لیتر ئاوی خواردنەوە لە هەوادا بەرهەم دەهێنێت. لە ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی كە سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوەی سنووردارە، بە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای نوێ، ئاو لە ڕێگەی هەواوە بە ڕێگەی هایدرۆپەنێل وەكو ڕێكارێكی جێگیر و ڕوانین بۆ داهاتوو گرتووەتە بەر و لە پەرەسەندندایە. ئەم تەكنەلۆژیایە بە سوودوەرگرتن لە شێی سرووشتیی ناو هەوا و گۆڕینی بۆ ئاوی خواردنەوە، بە بێ ئەوەی پێویست بە ژێرخانێكی بەهێز بۆ گەیاندنی ئاو، یان سەرچاوەكانی ئاوی ژێر زەوی بكات، توانیویەتی سەرنجی مەڵبەندەكانی توێژینەوە و پڕۆژەكانی ژینگەیی ئیمارات بۆ لای خۆی ڕابكێشێت. هایدرۆپەنێل لە بنەڕەتدا پێكهاتەیەكە لە پەنێلی خۆری و سیستمەكانی كۆكردنەوەی هەڵمی ئاو، كە بە ڕاكێشانی شێی هەوا چڕی دەكاتەوە و دوای چەندین قۆناغی پاڵاوتن وكانزایی، ئاوی خاوێن و تەندروست بەرهەم دەهێنن. لە شارەكانی وەك؛ دوبەی و ئەبوزەبی، ئەم سێستەمانە بۆ پڕۆژەكانی وەك؛ كێڵگە بیابانییەكان، ڤێلای لۆكس و كەمپەكانی گەشتیاری سوودی لێ وەرگیراوە. هایدرۆپەنێلی بۆشایی نزیكەی دوو مەتر چوارگۆشە لەخۆدەگرێت و دەتوانێت ڕۆژانە بە شێوەی مامناوەندی سێ تا پێنج لیتر ئاوی خواردنەوە بەرهەم بهێنێت. لە هەلومەرجی بوونی شێیەكی زۆر، واتە زیاتر لە (50٪)، ئەو بڕە ئاوەی بەرهەمهاتوو بگاتە شەش لیتر ئاو لە ڕۆژێكدا و لە ناوچەكانی زۆر وشك و بیاباندا كە شێی كەمترە لە(20 ٪)، بەرهەمی ئاو لە ڕۆژێكدا دەگاتە نێوان یەك تا دوو لیتر ئاو. ئەم دەزگایە، خاوەنی كۆگایەكی ناوخۆییە كە 30 لیتر ئاو لەخۆدەگرێت، كە ئاوی بەرهەم هاتوو پاشەكەوت دەكات.

 

Top