چەند ئالوودەبوونێكی سەرسووڕهێنەر!
ڕاهاتن یان ئالوودەبوون Addiction بە ماددەی هۆشبەر ڕوونە لای هەمووان، بەڵام ئایا دەزانی كە ئالوودەبوون بە چەند ماددە و حاڵەتی سەیر لە پزیشكیدا جێگیر و پۆلێن كراون؟ ئەم جۆرە ئالوودەبوونانە وەكو ئالوودەبوون بە هیرۆیین یان كۆكائین، هەوڵێكن بۆ كۆنتڕۆڵكردن یان دووركەوتنەوە لە ناڕەحەتی لەجیاتی خۆڕاهێنان لەسەر چۆنییەتی ڕووبەڕووبونەوەی ناڕەحەتی بە چەند ڕێگەیەك، كە نەبێتە ئەگەری گرفت لە سەلامەتی و پەیوەندیی كەسی و بژێوی ژیاندا. وەكو نەرێتێكی كۆنتڕۆڵ نەكراو، لەوانەیە كە یەكێك تووشی ڕاهاتن یان ئالوودەبوون ببێت لەسەر: سمارتفۆن، سۆشیال میدیا، كافائین، شوكولاتە و شیرینیی، بازاڕكردن بەتایبەتی كڕینی شتومەكی ناپێویست، قومار، نەشتەرگەریی جوانكاری، هەروەها مەشقی وەرزشی. بە ڕای پسپۆڕان، هەر شتێك كە ببێتە هۆی گۆڕینی مەزاج لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری ئالوودەبوون. ئەگەر كەسێك هەست بەوە بكات كە ناتوانێت نەرێتێك كۆنتڕۆڵ بكات، ئەوا پێویستی بە هاوكاریی دكتۆر هەیە.
