ســـەرۆک بارزانی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان پیرۆز دەکات

ســـەرۆک بارزانی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان پیرۆز دەکات

سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی 55ـەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە، پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكات.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەبۆنەی پەنجا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.

دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر، هەنگاوێكی مێژوویی بوو بە ئاراستەی بەهێزكردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان. ئەم بڕیارە جەختكردنەوە بوو لەسەر پێگەی مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە بڵاوكردنەوەی تێگەیشتنی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و پێكەوەژیان لەناو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە و ڕۆڵیان لە بەرەوپێشەوەبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لە گشت قۆناغەكاندا.

 لە یادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی بەڕێز دەخوازم و دەستخۆشی لە ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.

خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت. 

مسعود بارزانی
21ی ئەیلوولی 2025

Top