جیهان ئامادەکاری بۆ جەنگێکی گەورە دەکات
لەم ساڵانەی کۆتاییدا جیهان بە گشتی بەدۆخێکی ناجێگیردا گوزەردەکات وەک ئەوەی جەنگێکی گەورە و خوێناوی باڵ بەسەر جیهاندا بکێشێت، ئەمریکا و ئێران، ڕوسیا و ئوکرانیا، ئیسرائیل و حەماس، ئەم جەنگانە تەنیا لەنێوان دوو وڵاتدا نین بەڵکو هەموو ئەو جەنگانە پێکەوە بەستراونەتەوە و هەر جەنگێک لەم جەنگانە چەندین وڵات تێیدا بەشدارە
ئیسرائیل هەر زوو جەنگەکەی دەستپێکرد دژی ئێران و سوریا و لوبنان و یەمەن و سوریا و وا خەریکە تورکیا و عێراقیش تێکەڵ دەبن، تەعلیق و تەعلیقکارییەکەی تڕەمپ و پوتین و خامنەیی بەرامبەر یەکتری، لەلایەکی دی کێشەکانی وڵاتانی کیشوەری ئاسیا و ئەمریکاش ڕوو لەزیادبوونن، هەموو ئەوانە نیشانەی ئاڵۆزی دۆخەکەن بەڵام هێشتا بە تەواوی نەتەقیوەتەوە
ئەمریکا بەگۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگ، زۆڕ شتی بەجیهان گۆت زۆڕ بەڕوونی پەیامی ئەمریکا بۆ جیهان ئەوەیە کە ئەمریکا چیتر بەرگری لە دەسکەوت و بەرژەوەندییەکانی ناکات لەو قاڵبە دێتە دەرەوە و جەنگ بۆ جەند ئامانجێکی دی دەکات ئامانجەکانی ئەمریکاش بەشێکیان ڕوون و بەشێکی تریش شاراوەن بەشە ڕوونەکە دەستگرتنە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنەدا، وە لاوازکردنی ڕوسیا و چین
دوای هەنگاوەکەی ئەمریکا فەرەنساش وەکو یەکەم دەوڵەتی ئەوڕۆپی ئامادەکارییەکانی بۆ جەنگێکی قورس دەستپێکردووە، چەند ڕۆژێکە بابەتێک هەموو فەرەنسای داگیرکردووە ئەوەی ئاگادارییەکی حکومەتی فەرەنسایە بۆ نەخۆشخانە و لایەنە تەندروستییەکانی وڵاتەکە، تێیدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەوانەیە جەنگێکی قورس بێتە ئاراوە بۆیە تا مانگی ٣ی ساڵی داهاتوو دەبێت هەموو ئامادەکارییەکان تەواوبکەن لەوانەیە ڕۆژانە زیاتر لە ٢ هەزار بریندار بهێنرێنە نەخۆشخانەکان
ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئاڵۆزی و کێشەکان تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نامێننەوە بەڵکو ڕوو لە ئەوڕۆپا و ئەمریکا و ئاسیاش دەکەن، لێکدانەوەکان ئەوە دەردەخەن کە نەخشە نوێیەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەنیا نییە بەڵکو ئەگەری گۆڕانی نەخشەی جیهان بە گشتی هەیە.

زانا عبدالباقی ستونی