یاسا، رێكاری یاسایی بەرامبەر كەفیل
تۆمەتبارێك فەرمانی دەستگیركردنی هەبێت و ئامادەی دادگا نەبێت، بەڵام كەفیلی هەبێت، چی بەرامبەر كەفیلەكەی دەكرێت و ئایا ئەو دەستگیر دەكرێت؟ هەموو تۆمەتبارێك لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدا كاتێك بە كەفالەت ئازاد دەكرێت بەپێی ماددە 110 لە (قانون أصول المحاكمات الجزائیة)، دادگا بە بڕێك كەفالەت ئازادی دەكات و كەسێك دەبێتە كەفیلی و لە دادنوس كەفالەت بۆ دادگا دەكات و دەخرێتە دۆسیەكەوە، وە هەر كاتێك دادگای تایبەتمەند دوای هەواڵەبونی پەراوەكە پێویستی بە ئامادەبونی تۆمەتبار بوو، بەڵام ئامادە نەبوو، ئەوا بانگی كەفیل دەكرێت بەپێی ئاگاداركردنەوەی فەرمی. ئەگەر هاتو كەفیل گوتی تۆمەتبارم بۆ ئامادە ناكرێت و شوێنی نادیارە یان هەڵاتووە، ئەوا دادگا ڕێوشوێنی یاسایی دژ بە كەفیلەكە دەگرێتەبەر و بەپێی ماددە 119 لە هەمان یاسا هەواڵەی دادگای كەتنی دەكات بەمەبەستی لێسەندنی بڕی كەفالەتەكە، وە دادگا دەسەڵاتی هەیە هەموو بڕی كەفالەتەكە یان بەشێكی لێ وەربگرێت، یانیش بەپێی بارودۆخی كەسەكە لە پارەكە خۆشبێت.
