تورکیا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تیمی دانوستانکاری حەماس لە دۆحە ئیدانە دەکات
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر تیمی دانوستانکاری حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر شەرمەزار کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تیمی دانوستانکاری حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر ئیدانە دەکەین.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بە ئامانجگرتنی تیمی دانوستانکاری بزووتنەوەی حەماس لە کاتێکدا کە دانوستانەکانی ئاگربەست لە ئارادایە، ئەوە نیشان دەدات کە ئامانجی ئیسرائیل بەدیهێنانی ئاشتی نییە، بەڵکو درێژەدانە بە شەڕە.
تورکیا جەختی کرد: ئێمە لەگەڵ قەتەر وەستاوین بەرامبەر ئەم هێرشە شەرمەزارکەرەی کە سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەی دەکاتە ئامانج.
جارێکی دیکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی لە فەلەستین و ناوچەکە بهێنێت.
گوڵان: سەردار خەلیل
