گرنگیی پشكنینی ئینسۆلین
پشكنینی خوێن بۆ ئاستی هۆرمۆنی ئینسۆلین زۆر گرنگە بۆ دەستنیشانكردنی گەلێك حاڵەتی تەندروستیی پەیوەست بە ئاستی شەكری خوێن، بۆنموونە دەستنیشانكردنی دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، دەستنیشانكردن و چاودێریكردنی حاڵەتی بەرگریی خانەكانی لەش بۆ ئینسۆلین Insulin resistance و دیاركردنی خشتەی خۆراك و پلانی مەشقی وەرزشی بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی حاڵەتەكە و رێگرتن لە پەرەسەندنی بۆ نەخۆشیی شەكرە، وەكو پلانی هەنگاوەكانی چارەسەركردن بۆ حاڵەتەكانی نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو بەتایبەتی دیاركردنی دەرمان و پێویستی بە دەرزی ئینسۆلین، هەروەها بۆ چاودێریكردنی چاڵاكیی خانەكانی پەنكریاس كە بەرپرسن لە دەردانی هۆرمۆنی ئینسۆلین لە حاڵەتەكانی گواستنەوەی پەنكریاسدا. ئاستی ئاسایی هۆرمۆنی ئینسۆلین لە خوێندا لە خورینی پێش خواردنی ژەمی بەیانی بریتییە لە 3-25 مایكرۆیونیت لە هەر میللیلیترێكی خوێندا (μIU/mL)، هەروەها پاش ژەمی خواردن بە 30- 60 خولەك بریتییە لە 30-230 مایكرۆیونیت لە هەر میللیلیترێكی خوێندا.
